شوێنەوار كۆدەكانی ناساندنی نەتەوە

شوێنەوار كۆدەكانی ناساندنی نەتەوە


ئەمڕۆ 30ی ئەیلوولی 2025، سی و سێیەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی "شوێنەوار كۆدەكانی ناساندنی نەتەوە" لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو.
لەم گفتوگۆیەدا كە بەڕێزان "د.كەیفی مستەفا، د.زێدان برادۆستی، د.عەبدوڵڵا خورشید، د.حەیدەر لەشكری، د.بێكەس بریفكانی، شەیدا محەمەدئەمین، د.یادگار ئەرگوشی، د.عەبدولوەهاب سلێمان، د.بەیار دۆسكی، د.عەبدوڵڵا بەكر، د.محەمەد حەمە غەریب، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد" ئامادەبوون، لە دەستپێكدا ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییە نمایش كرا كە بازنەی گفتوگۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستان ئامادەی كردبوو تێیدا ڕاوبۆچوونی كۆمەڵێك لە ئەكادیمیستانی بواری شوێنەوار و كەلەپووری وەرگرتبوو، پاشان بۆ ماوەی سێ كاتژمێر گفتوگۆی چڕ و ڕاشكاوانە لەسەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوارەكان و كەلەپووری كوردی كرا.
لەم گفتوگۆیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە ئێمە وەك گەلی كورد لەگەڵ ئەوەی خاوەنی مێژووی ئەشكەوتی شانەدەرین كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا، هەروەها خاوەنی دروستبوونی یەكەم گوندین لە جیهاندا، بەڵام وەك پێویست نەمانتوانیوە شوێنەوار و كەلەپووری خۆمان بە جیهان بناسێنین. ئاماژە بەوە كرا نەتەوەكانی دیكە كە هێندەی ئێمە خاوەنی شوێنەوار و كەلەپووریش نین، بەڵام توانیوویانە مێژوویەكی پڕ لە قارەمانێتی بۆ خۆیان دروست بكەن و كارەساتە نەتەوەییەكان بكەن بە كارەساتی مرۆڤایەتی و سۆزی جیهانی بۆ خۆیان ڕابكێشن.
دەربارەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پشتگیری لە پاراستنی شوێنەوار و كەلەپووری نەتەوەییمان، جەخت لەسەر گرنگی "یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان - عێراق" كرایەوە كە دەتوانرێت بەجێبەجێكردنی ئەم یاسایە خزمەتێكی زۆر باش بە پاراستن و بەڕێوەبردنی شوێنەوار و كەلەپوورەكان بدرێت.
سەبارەت بەوەی چی بكرێت كە گەشتیاری شوێنەواری لە هەرێمی كوردستان پەرەی پێبدرێت. لەم گفتوگۆیەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە پەرەپێدانی گەشتیاری شوێنەواری پێویستی بەوەیە كە وەبەرهێنانی گەورەی تێدا بكرێت بەتایبەتی دروستكردنی ڕێگاوبانی گونجاو و دابینكردنی خزمەتگوزاری گەشتیاری.
جێگەی ئاماژەپێكردنە ڕاپۆرتی ئەم گفتوگۆیە لە ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی 2025 لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.

Top