كلارا زەنگەنە بۆ گوڵان:سەرەتا دڵم نەدەهات تابلۆكانم بفرۆشم

كلارا زەنگەنە بۆ گوڵان:سەرەتا دڵم نەدەهات تابلۆكانم بفرۆشم

كلارا عەلی محەممەد زەنگەنە خەڵكی كەركووكە و كۆلێژی ئەندازیاریی تەواو كردووە، بەڵام دوور لە كاری ئەندازیاری، ئەو سەرقاڵی موزیكژەنین و كێشانی تابلۆیە، و وەك خۆی دەڵێ كەسێكە لەناو ڕەنگ و نۆتەكاندا ژیاوە و تابلۆكانی لە ئاستێكی بەرزدان و بەجۆرێك، ژمارەیەكیان فرۆشراون.

*چۆن توانیت میوزیك و تابلۆكانت یەك بخەیت و، ئایا كاتێكی تایبەت هەبووە كە هانت دابێت بۆ یەكخستنی ئەم دوو بوارە؟

-بەڕاستی زۆر قورس بوو بۆ من بتوانم كاتەكانم ڕێك بخەم لەنێوان ژەنینی پیانۆ و كاری شێوەكاریدا، بەڵام هەوڵمدا و كردم. كاتەكانم دابەش دەكرد، بۆ نموونە سێ ڕۆژ بۆ وێنەكێشان و دوو ڕۆژ بۆ پیانۆژەنین، ئەمەش وایكرد كە زۆر زەحمەت بێت، چونكە بەردەوام كارم تێیاندا هەبوو.

كلارا زەنگەنە بۆ گوڵان:سەرەتا دڵم نەدەهات تابلۆكانم بفرۆشم

*‎پەیوەندیی نێوان نۆتەی میوزیكی و تابلۆ چییە؟

-پەیوەندییەكی زۆر تایبەت هەیە لە نێوان مۆسیقا و تابلۆدا، بەتایبەتی پیانۆ، چونكە ئەم دوو شتە لای من وەك عاشق و مەعشوق وان و بەبێ یەكتر نابن.

*‎كامیان زیاتر نزیكە لە دڵت، میوزیك یان هونەری شێوەكاری و، بۆچی ئەم هەستە دەكەیت؟

-شێوەكاری زۆر نزیكە لە منەوە وێنەكێشان پارچەیەكە لە ڕۆحم، چونكە هەستێكی تایبەتم پێ دەبەخشێت، لەگەڵ ئەوەشدا شێوەكاری هەستی ئازادییەكی زیاترم پێ دەبەخشێت.

*‎ئایا ئەندازیاری كاریگەریی لەسەر سەركەوتنت هەبووە لە میوزیك و هونەری شێوەكاری، ئەی چۆن وردبینیی ئەندازیاری یارمەتی كارەكەت دەدات؟

-لە سەرەتادا نەخێر، بەڵام دوای ئەوەی دەستم كرد بە دروستكردنی ڕۆبۆت، ئەندازیاری زۆر یارمەتیدام.

كلارا زەنگەنە بۆ گوڵان:سەرەتا دڵم نەدەهات تابلۆكانم بفرۆشم

*‎میوزیك بۆ تۆ ئارەزووە یان پیشەیەكی پڕۆفیشناڵە كە هەوڵ دەدەیت گەشەی پێ بدەیت؟

-لە سەرەتادا تەنیا ئارەزوو بوو، بەڵام دوای ئەوەی چوومە ناو جیهانی مۆسیقاوە، ڕوانگەم گۆڕا و حەزم دەكرد زیاتر فێربم و پرۆفیشناڵ بم.

*لەو تابلۆیانەی كە كێشاوتن، ئامانجت هەیە كە بیانفرۆشیت و لە ڕووی داراییەوە سوودمەند بیت؟

-هەندێك لە تابلۆكانم فرۆشتووە، چونكە زۆر كەس داوایان كرد، لە سەرەتادا دڵم نەدەهات، بەڵام دواتر دەستم بە فرۆشتنی هەندێكیان كرد. هەندێك تابلۆشم هەیە كە نایانفرۆشم و لام دەمێننەوە.

*‎چۆن كاریگەریی زیرەكیی دەستكرد لەسەر هونەرمەندانی شێوەكار دەبینیت، ئایا وەك مەترسییە یان وەك دەرفەتێك بۆ پەرەپێدانی هونەر؟

-بە ڕای من، كاریگەریی زیرەكیی دەستكرد لایەنی باش و خراپیشی هەیە، چونكە بۆ زۆر شت ژیان و كار ئاسان دەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا خراپیشی هەیە كە لە بەهای دەست و پەنجەی هونەرمەند كەم دەكاتەوە.

*‎پێشتر پێشانگایەكی هونەری یان نمایشێكی میوزیكت كردووە كە تابلۆ و میوزیك یەك بخات، ئەزموونەكە چۆن بوو؟

-بەڵێ، چەند جارێك بەشداریم كردووە لە پێشانگەكاندا، بەڵام تا ئێستا تەنیا تابلۆكانم بوون و كارێكم نەكردووە كە هەردووكیان پێكەوە بێت، واتە مۆسیقا و شێوەكاری.

بەڵام هەندێك لە تابلۆكانم دانراون لە یارییەكانی VR (ڕاستی خەیاڵی). بەرنامەیەكی ئەمریكی داوایان لێ كردم كە تابلۆكانم لە یەكێك لە یارییەكانی VR دابنێم. هەروەها لە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتاندا لە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا تابلۆكانم لەسەر شاشەیەكی گەورە لەناو شاری بەرلین بۆ ماوەی هەفتەیەك، دانرابوون.

*ئەو ‎كێشانە چییە كە ڕووبەڕووی دەبیتەوە كاتێك هەوڵ دەدەیت میوزیك و هونەری شێوەكاری لە ژیانی ڕۆژانەتدا یەك بخەیت؟

-بەڕاستی چالنجێكە بۆ من، چونكە هەردووكیان (مۆسیقا و شێوەكاری) قورسن، تەنیا كێشەی كاتم دەبێت، هەندێك جار هەیە ناتوانم هەردووكیان بكەم و دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرم.

*ئایا ئامرازە دیجیتاڵییەكان یان تەكنیكە نوێیەكان لە كێشانی تابلۆكان یان دروستكردنی میوزیكدا بەكار دەهێنیت؟

-نەخێر، ئامرازە دیجیتاڵییەكان بەكارناهێنم، تەنیا دەستی خۆم بەكاردەهێنم،واتە بە شێوەی دەستی كار دەكەم.

*‎ئایا پەیوەندییەك لە نێوان زمانی میوزیك و زمانی ڕەنگەكان لە تابلۆكاندا دەبینیت؟

-تا ئێستا ئەو پەیوەندییە نایبینم، بەڵام لە داهاتوودا حەز دەكەم تابلۆكانم نزیك بن لەو مۆسیقایەی كە هەڵیاندەبژێرم.

Top