هێرشێکی کوشندە بە دەمانچە لە قودس
ڕۆژی دووشەممە ٨ی ئەیلول، دوو چەکدار لە چوارڕێیانی ڕامۆت لە قودس سواری پاسێک بوون و تەقەیان لە سەرنشینەکان کردووە.
لە هێرشەکەدا شەش کەس کوژراون و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون، کە باری تەندروستی شەش کەسیان ناجێگیرە.
بەپێی زانیارییەکان، دوو چەکدار سواری پاسێک بوون و لە نزیکەوە بە چەکی دەمانچە تەقەیان لە هاووڵاتیانی مەدەنی کردووە.
لە هێرشەکەدا هەردوو تەقەکەرەکە لە ڕووبەڕووبوونەوە کوژراون. میدیاکانی ئیسرائیل ئەم هێرشەیان بە هێرشێکی تیرۆریستی بڵاوکردەوە.
پاڵنەر و وردەکاری تەقەکردنەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و بەرپرسانی ئەمنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان زیادکردووە و دۆخی ئەمنی قودسیان بە مەترسیدار وەسفکردووە.
دانیشتوانی ناوچەکە و بەرپرسانی ناوچەکە هۆشدارییان لە بەرزبوونەوەی گرژیەکان داوە و داوا لە هەموو لایەک دەکەن ئارام بگرن.
گوڵان: سەردار خەلیل
