ڕاپـــۆرتـــی یونیسێف سەبارەت بە خراپتربوونی بەدخۆراکی منداڵان لە غەززە

ڕاپـــۆرتـــی یونیسێف سەبارەت بە خراپتربوونی بەدخۆراکی منداڵان لە غەززە

 

ڕۆژی یەکشەممە 7ی ئەیلول،  سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند: کە تەنها لە دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە حەوت هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە کەرتی غەززە لە پرۆگرامەکانی چاکبوونەوە لە کلینیکەکانی سەر بە یونیسێف تۆمارکراون بەهۆی بەدخۆراکی توندەوە.

یونیسێف ڕایگەیاند، ئامارەکانی مانگی ئاب کۆدەکەنەوە و پێشبینی دەکەن ژمارەی تووشبووانی نوێ ١٥ هەزار کەس تێپەڕێنێت، کە زیاتر لە حەوت هێندەی ژمارەی تووشبووانی مانگی شوبات زیاترە.

مانگی ڕابردوو لە شاری غەززە، لە ناوچەی وێرانبووی باکووری کەرتی غەززە، برسێتی ڕاگەیەندرا، بەڵام بەرپرسان ڕایانگەیاند، شارەکانی دوورتر لە باشوور بە خێرایی لە هەمان بارودۆخ نزیک دەبنەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم  دوو باڵەخانەی بەرز لە شاری غەززە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە وێران بوون. لەکاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە هەڵمەتەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی غەززە، سەرچاوە ناوخۆییەکانیش باسیان لە کوژرانی دەیان کەس کردووە لە نێویاندا خەڵکی سڤیل لە نزیک ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top