ڕێرەوی پێشمەرگە لە دڵی ئەوروپادا
(*)
ناونانی شوێنێک بە ناوی "رێرەوی پێشمەرگە" لە شارێکی گرنگی وەک پاریس، پایتەختی فەرەنسا و یەکێک لە ناوەندە ڕۆشنبیری و سیاسییە کاریگەرەکانی جیهان، دیارییەکی بەنرخ و پەیامێکی گەورەیە بۆ خەباتی پێشمەرگە و قوربانییەکانی گەلی کورد بە گشتی. ئەم هەنگاوە، جگە لە ناساندنی زیاتری دۆزی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەتوانێت ڕۆڵی پێشمەرگە وەک هێزێکی بەرگری پارێزەری ئاشتی و مرۆڤایەتی لەناو هەموو ئەو هێزە چەکدارانەی تردا بەڕوونی جیا بکاتەوە کە لە ناوچەکەدا هەن.
پێشمەرگە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە بەرگری لە خاک و کەرامەتی گەلەکەی، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و تیرۆر. لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەتیی لە شەڕی دژی داعش، پێشمەرگە بووە بە هێزێکی سەرەکی لە تێکشاندنی ئەو گرووپە تیرۆریستییە، کە هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ سەر ئاساییشی جیهان. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پێشمەرگە ببێتە جێی ستایشی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
لە بەرانبەردا، هەندێک لایەنی سیاسی و وڵاتانی دراوسێ هەوڵ دەدەن پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی تری عێراق، وەک حەشدی شەعبی، یەکسان بکەن. بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوانیاندا. پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانییە، خەباتەکەی بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و بەرگری لە خاکەکەیەتی، لە کاتێکدا حەشدی شەعبی هێزێکی چەند لایەنەی شیعەگەراییە و زۆر جار تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کردەوەی نایاسایی دەدرێتە پاڵ. ناونانی شوێنێک بە ناوی "رێرەوی پێشمەرگە" لە پاریس، ڕوونی دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەنێوان ئەم دوو هێزەدا جیاوازی دەکات و بە چاوێکی جیاواز سەیری پێشمەرگە دەکات.
هەڵبەتە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە پێشمەرگە لە پێویستیی نیشتمانیبوون و پڕۆفیشناڵبوون بە دامەزراوەییبوونی کەم بکرێتەوە. بە پێچەوانەوە، پێویستە پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی کوردستانی، پابەند بێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و دوور بخرێتەوە لە ململانێ و کاریگەریی پارتە سیاسییەکان. ئەم هەنگاوە نێودەوڵەتییە دەتوانێت پاڵپشتییەکی گەورە بێت بۆ ئەم ئاڕاستەیە و یارمەتیی پێشمەرگە بدات کە بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی گەلەکەی بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ و نیشتمانی.
(*)
ماستەر لە یاسای گشتی

سەنار شێرۆكی