ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی پێنجەمی بازنەی گفتوگۆ حوكمڕانی و خزمەتگوزاری ... تەنیا گفتوگۆی ڕاشكاوانە كۆمەڵگەی چالاك لە كۆمەڵگەی سست و لاواز جیا دەكاتەوە

ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی پێنجەمی بازنەی گفتوگۆ  حوكمڕانی و خزمەتگوزاری   ...  تەنیا گفتوگۆی ڕاشكاوانە  كۆمەڵگەی چالاك لە كۆمەڵگەی سست و لاواز جیا دەكاتەوە

 

 

ڕۆژی 25ی ئابی 2025، بازنەی گفتوگۆ وەك ئۆرگانێكی سەربەخۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی پێنجەمی بە ناونیشانی «حوكمڕانی و خزمەتگوزاری» بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی، لە دوو كتێبی قەوارە گەورەدا پێشكەشی ئامادەبووان كرد.

لەم ڕێوڕەسمەدا بڕگەیەك تەرخان كرابوو بۆ دروستكردنی تابلۆیەكی شێوەكاری، بۆ هونەرمەند «سۆما توانا مەرجان» كە یەكێكە لە خانمە هونەرمەندەكانی بواری شێوەكاری لە كوردستان، تابلۆكەی بریتی بوو لە كۆمەڵێك دەستی قەبارە جیاوازی ڕەنگاوڕەنگ، كە لە بەرچاوی ئامادەبووان بە ڕەنگە هەمەجۆرەكان ئەو دەستانەی پێكەوە گرێ دایەوە و، وێنایەكی نمایش كرد، كە ئەو مانایەی بەرجەستە دەكرد «بیر و بۆچوونە سیاسی و نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكان دەتوانن ببنە یەك هێز بۆ خزمەت و پاراستنی یەك نیشتمان، ئەگەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوان جیاوازییەكان بدۆزنەوە و، بە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن ڕایەڵەی یەكتری قبووڵكردن و لێبوردەیی و پێكەوەژیان دروست بكەن.»

بڕگەیەكی دیكەی ئەم ڕێوڕەسمی تەرخان كرا بوو، بۆ بەڕێوەبەردنی پەنێڵێك بە ناونیشانی «كارە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان» بۆ د.ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی هەرێمی كوردستان، كە تیایدا بە زمانی ژمارە و داتا كارە خزمەتگوزارییەكانی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و هەڵوەستەی لەسەر ئەو ئالنگارییانەش كرد، كە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە.

 

Top