گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەرەو گەڕێکی تری جەنگ
ململانێی نێوان ئێران لەلایەک و ئەمەریکا و ئیسرائیل لەبەرامبەردا، خەریکە ناوچەکەش بەرەو کۆتا گۆڕانکارییەکان ئاراستە دەکات، ئەگەر سەیری گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە بکەین، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە شێوەیەکی نهێنی بەردەوامە، ئەوەتا لەسەر ئاستی ناوچەکە هەردوو وڵات خەریکی پیلانەکانیانن بۆ لاوازکردنی لایەنی بەرامبەر، کە لەسەر ئاستی جیاواز و بە شێوەیەکی کرداری دەستی پێکردووە و دەکرێت بە شێوەی قۆناغبەندی روون بکرێتەوە.
ڕێککەوتنی ٩٩ ساڵەی نێوان هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ) کە بۆ ماوەی یەک سەدە ئەرکی چاودێریکردنی ئەم سنوورە دەخرێتە ژێر سەرپەرشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گومانی تێدا نییە ئەم هەنگاوە بەشێکی پەیوەندیدارە بە خستنە قەفەزی ئێران، بە جۆرێک ئەم دوو وڵاتە سنوورێکی فراوانی هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە، ئەمەش هاوکاریی ئەو وڵاتە دەکات کە داهاتوو بەشێوەیەک دەکرێ بڵێین لە ئەگەری ڕوودانی گەرێکی تری جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ئارادایە، ئەم جارەش جەنگەکە فرە میحوەر دەبێ و ئەمە سەرباری فشارەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا بۆ توندکردنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران، کە بە شێوەیەک لەگەڵ دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن رێژەی هەڵئاوسانی لەو وڵاتەدا بەرێژەیەکی ترسناک زیاد کردووە، زیادبوونی هێرشە چەکدارییەکان لە نێوخۆی ئێران و ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە ئێران، هۆکارگەلێکی ترن کە لە نێوخۆی ئێرانەوە خەریکە گۆڕانکاری دروست ببێت.
هاوکات ئامادەکارییەکانی ئەمەریکا بۆ گەڕێکی تری شەڕ لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە بە ڕوونی دیارە، ئەوەتا کشانەوەی هێزە سەرەکییەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازیی (عەین ئەسەد)ی عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان و دووبارە رێکخستنەوەی بنیادی دەوڵەتی لە سووریا لە ڕێگەی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە سووریا (تۆم باراک) و هاوکات فشارەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی یاسای چەکدانانی حیزبوڵڵا و هەنگاوەکانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە، بەشێکی ترن لەم پلانەی کە بریتییە لە بەتەواوی لەناوبردنی فەرماندە باڵاکانی ئێران لە ناوچەکەدا، بەشێوەیەک کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی حەماس لە غەززە و ڕادەستکردنی دەسەڵات بەو وڵاتە عەرەبیانەی کە هاوپەیمانی ئەمەریکان لە ناوچەکەدا، هاوکات سووربوونی هێزە شیعەکان بە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان لەلایەک و فشارەکانی ئەمەریکا بۆ تێنەپەڕاندنی ئەم یاسایە لە پەرلەمانی عێراق و هەڕەشەکان بە سزادانی حکوومەتی عێراقی، بەشێکی ترن لە ئەجێندای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا.
لەبەرامبەردا، ئێرانییەکان خەریکن جارێکی تر خۆیان کۆدەکەنەوە لەسەر ئاستی ناوچەکە، بە شێوەیەک سەردانی (عەلی لاریجانی) ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران بۆ عێراق و لوبنان، ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە ئێران لە بەرامبەر بێڕۆڵکردنی باڵاکانی لەم دوو وڵاتە لە رێگەی هاوپەیمانەکانییەوە، هەنگاوی رێگرتنی لەم کارە بە کرداری دەست پێکردووە، ئەویش لە عێراق بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق و بەیاساییکردنی هەروەک ئامادەکاریی ئەم هێزانە بۆ بەشداری لە ئەگەری ڕوودانی گەڕی دووەمی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیلدا، لە لوبنانیش ئێران هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ پێشگرتن لە جێبەجێکردنی یاسای چاککردنی حیزبوڵڵای لوبنانی بە هاندانی سەرکردایەتیی ئەم حیزبە بە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، ئەم هەنگاوانەش ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئامادەکارییەکان بۆ گەڕی دووەمی شەڕ لەسەر ئەرزی واقیعدا دەستیان پێکردووە، هاوکات مانۆڕە سەربازییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەتایبەت لەسەر مووشەکە دوورمەوداکان و وتەکانی وەزیری بەرگریی ئەم وڵاتە (عەزیز نەسیر زادە) بە هەنگاوەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەوتوو لە دەرەوەی سنووری ئێران و لە چەندین وڵاتی جیاواز، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە.
کۆتا دیداری لوتکەی هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ) و سەرۆکی ڕووسیا (فلادیمێر پۆتن) ئەو راستییەی دووپات کردەوە، کۆتایی بە هەموو جەنگەکان دێنن لە پێناو یەکلاکردنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لەلایەک و کەمکردنەوەی رێژەی باجی گومرگی لەگەڵ چین بۆ ٣ لەسەد، کە ئەمەش دەشێ وەک بەشێکی تر لە ئامادەکارییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ گەڕی دووەمی جەنگی سەر ئێران هەژمار بکرێت، بەپێی ئەو ئامادەکارییانەی کە کۆماری میللی چین دەیکات بۆ هێرشکردنە سەر تایوان، دەکرێ ئەمەش بەشێک بێت لەو سەودایەی کە لە نێوان ئەم زلهێزانە ڕوو دەدات لە ئۆکرانیا و تایوان بەرامبەر ڕازیبوون بە گۆڕانکارییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بە دڵنیاییەوە بە ئێران کۆتایی نایەت، بەڵکو هەموو ئەگەرەکان ئەوەمان پێدەڵێن ئیدی لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا شوێنێک نییە بۆ زلهێزبوونی هیچ وڵاتێکی هەرێمی، بە واتایەکی تر، ناوچەکە بە دیزاینێک دادەڕێژرێتەوە کە ئیسرائیل تاکە زلهێزی ناوچەکە دەبێت بە ڕەزامەندیی هەرسێ وڵاتە زلهێزەکەی جیهان.

محەمەد عەلی