پەرستارێکی ئەمریکی لە غەززە: جینۆسایدی ئیسرائیل خەریکە غەززە وێران دەکات و منداڵان لە برسێتیدا دەمرن
ئاماندا ناسر، پەرستارێکی فەلەستینی-ئەمریکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل لە ڕێگەی جینۆسایدەوە کەرتی غەززە لەناو دەبات، نەخۆشخانەکان ڕووخاون و منداڵانیش بەهۆی برسێتیەوە گیان لەدەست دەدەن.
ئاماندا ناسر، پەرستارێکی فەلەستینی-ئەمریکی خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەی ناسر لە باشووری کەرتی غەززە، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند: ئیسرائیل لە ڕێگەی جینۆسایدەوە کەرتی غەززە لەناو دەبات، نەخۆشخانەکان ڕووخاون، منداڵانیش بەهۆی برسێتیەوە دەمرن.
ئاماندا ناسر ڕاشیگەیاند: "زۆربەی ئەو بریندارانەی دەبرێنە نەخۆشخانە، برینێکی قووڵ و ترسناکیان هەیە. هەمووان زۆر لاوازن و تینوون. ئێمە شاهیدی حاڵەتێک بووین کە کۆرپە لە نەخۆشخانە بەهۆی بەدخۆراکی لەبەردەم چاوماندا گیانیان لەدەستداوە. دۆخەکە لە دەرەوەی کارەساتباردایە، سیستەمی تەندروستی لە لێواری داڕماندایە".
ئەو پەرستارە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی بریندارەکان گەنجان و منداڵان، باری تەندروستییان ناجێگیرە،
گوتی: هەندێکجار دەبێت هەڵبژێرین کێ بخەینە سەر ئامێری هەناسەدان، بڕیارێکی هەستیار و زۆر قورسە.
ئاماندا ناسر بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە بەرهەمە ئیسرائیلییەکان بایکۆت بکرێن، داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد بێنە فەلەستین و بە چاوی خۆی دۆخەکە ببینێت.
گوڵان: سەردار خەلیل
