پارتی دیموکراتی کوردستان: حیزبێک بۆ دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی
١٦ی ئاب، ٧٩ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ لەلایەن جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نەمر ، ڕێبەری گەلی کورد تێدەپەڕێت، حیزبێک کە مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات و چالاکی نەتەوەیی هەیە و تا ئەمڕۆش بەرابەرایەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی بەردەوامە لە خەبات.
دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا ڕووداوێکی تێپەڕین یان سەرهەڵدانی قەوارەیەکی خاوەن ئامانجی تایبەت نەبوو، بەڵکو لە پێناو دەستکەوتی نەتەوەیی و مافەکانی گەلی کورد، بە تایبەت پاش گەشەی هەستی نەتەوەیی لە نێو گەلانی ستەملێکراودا، پێویستییەکی حەتمی بوو. کورد لەو گەلانە بوو کە تووشی نادادپەروەری و ستەمکاری بوون. سەرەڕای بوونی حیزبە کوردییەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لەو کاتەدا، بەڵام پێویست بوو حیزبێک دابمەزرێندرێت کە مافەکانی گەلی کورد دابین بکات، هەر لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموکرات لە ژێر سەرکردایەتی باوکی ڕۆحی نەمری گەلی کورد مەلا مستەفا بارزانی کەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیری و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی گەلی کورد بە خێرایی پەیوەندییان پێوە کرد، بە تایبەت دوای گۆڕینی ناوەکەی لە پارتی دیموکراتی کوردەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.
پشتیوانی جەماوەر بۆ ئەو حزبە لە سەرکردایەتی بارزانی نەمر و ئامانجە ناسیۆنالیستەکانی و دروشمی "دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان" سەرچاوەی گرتووە. بەمجۆرە پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم حیزب بوو لە کوردستان و بەڵکو لە عێراق، لەسەر بنەمای باوەڕی خۆی بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و گەیشتن بە مافەکان لە ژینگەیەکی دیموکراسی و ئاشتیدا، ئاڵای دیموکراسی بەرزکردەوە.
ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان شەڕ و چارەسەری سەربازی نەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکیەکان، بەڵکو چارەسەری ئاشتیانە و ئەوەی لە دەستووری عێراقدا لە دوای شۆڕشی 14ی تەمووزی ساڵی 1958 دا هاتبوو، کە عەرەب و کورد هاوبەشن لەم وڵاتەدا، گەلی کوردیش پێکهاتەی دووەمی عێراقە. بەڵام لادانی بەشێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی ١٤ی تەمووز لە ڕێبازە ڕاستەقینەکەی و بۆردومانی کوردستان و بەدینەهێنانی سەرەتاییترین مافەکانی گەلی کوردستان، سەرەڕای بانگەوازی ڕێبەری نەمری کورد بارزانی بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، بەڵام بێ سوود بوو ئەمەش بووە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی ١١ی ئەیلولی ١٩٦١ بوو بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژی بۆ سەر کوردستان. لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٦١ بۆ ١٩٧٥ شۆڕش توانی سەرکەوتنی سەربازی زۆر بەدەست بهێنێت و گرنگترین ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠ ئەنجامبدات، کە بەپێی ئەو ڕێکەوتنە مافی کوردەکان دابینکرا.
پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا درێژە بە ڕێبازەکەی خۆی دەدات لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دیموکراتی و پێکەوەژیان و برایەتی لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا، بە سەرکردایەتی ڕێبەر مەسعوود بارزانی، کە توانی کوردستان بکاتە پانتایەکی سەقامگیری و پێکەوەژیان و برایەتی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا. هەروەها توانی لە ڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە، پارتی لە کایەی لۆکاڵییەوە بباتە کایەی جیهانی.
پارتی کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەیە، نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لە ناوچەکە و جیهانیشدا. پارتی سنوورە ناوخۆییەکانی بەزاندووە بۆ ئاستی نێودەوڵەتی، لە ناوخۆشدا پابەندی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ڕێگەی ئاشتیانە و دەستووری لەگەڵ بەغدا .
ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان مۆمێکی دیکەی ژیانی خۆی هەڵدەگیرسێنێت بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگای گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و ناسیۆنالیستییەکانی. ڕێکەوتێکی مێژوویی هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی لە دایکبوونی مەسعوود بارزانی ڕێبەری کورد، نوێنەرایەتی جەژنێک دەکات بۆ ئەو کوردانەی باوەڕیان بە دیموکراسی و بەهاکانی پێکەوە ژیان و برایەتی و تەوافوق هەیە. کەواتە، سڵاوێک بۆ ڕۆحی دامەزرێنەری حیزب، مەلا مستەفا بارزانی، و پیرۆزبایی لە سەرۆک مەسعوود بارزانی، و هیوای ساغو سەلامەتی و تەمەن درێژی بۆ دەخوازین.
سڵاو لە گیانی شەهیدان و سەروەریان بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەردەم لە یاد

شێرکۆ حەبیب