پێنج ڕۆژنامەنووسی کەناڵی جەزیرە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژران
ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی کەناڵی جەزیرە کە پێشتر لەلایەن ئیسرائیلەوە هەڕەشەی لێکرابوو، لەگەڵ چوار هاوکارەکەی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لە ڕۆژی سێشەممە ١١ی ئابدا کوژران.
سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە ئەنەس ئەلشەریفیانی کردۆتە ئامانج و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ناوبراو سەرکردایەتی شانەیەکی چەکدارەکانی حەماسی دەكرد و دەستی هەبووە لە هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر ئیسرائیل.
کەناڵی جەزیرە ئەو ئیدعایەی ڕەتکردەوە، شەریفیش خۆی پێش مردنی ئەو جۆرە تۆمەتانەی ئیسرائیلی ڕەتکردبووەوە. بەرپرسانی غەززە و ئەلجەزیرە ڕایانگەیاندووە، شەریف تەمەن 28 ساڵ لەنێو گروپێکی چوار ڕۆژنامەنوسی کەناڵی جەزیرە و یاریدەدەرێک بووە کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر خێمەیەک لە نزیک نەخۆشخانەی ئەلشیفا لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە کوژراون.
بەرپرسێکی نەخۆشخانەکە ڕایگەیاند، دوو کەسی دیکەش لە هێرشەکەدا کوژراون.
پزیشکەکانی نەخۆشخانەی ئەلشیفا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، ڕۆژنامەنووسێکی دیكەش بە ناوی محەمەد ئەلخالیدی کە ڕۆژنامەنووسێکی فریلانسی ناوخۆییە لە هێرشەکەدا کوژراوە.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، چوار قوربانییەکەی دیکە، پەیامنێر محەمەد قاریقەع و وێنەگر ئیبراهیم زاهیر، محەمەد نەوفل و مۆمین عەلیوە بوون.
گوڵان: سەردار خەلیل
