دلۆڤان بەرواری، كاسبكار – دهۆك هەر میللەتێك گرنگی بە زمان و كەلتووری خۆی بدات، هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەكەی لە ئاستێكی بەرزدایە

دلۆڤان بەرواری، كاسبكار – دهۆك  هەر میللەتێك گرنگی بە زمان و كەلتووری خۆی بدات، هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەكەی لە ئاستێكی بەرزدایە

 

گرنگی نەدانی تاكی كورد لە ئێستادا بە زمانی كوردی كەموكووڕییەكی گەورەیە. بە سەدان وشەی بیانی لەناو ئاخاوتنەكەماندایە، تەنانەت هەر لە ناوی منداڵ و تابلۆی سەر دووكان و قسەكردنەكەمان، تاوەكو ناوهێنانی دووكان و مۆڵ و هۆتێل و میوانخانە و چەندین شوێنی دیكە، ناوی بیانی بەكار دەهێنن. بە دەیان چێشتخانە و هۆتێل و ماركێتمان هەیە، بە ناوی ئەستەنبووڵ و ڕۆما و نیویۆرك و بەغدا و دیمەشق و دەیان ناوی دیكەی بیانی، ئەمە پیاهەڵدانە بە شوێنەكانی جیهان لەسەر حیسابی ناو و ناوبانگی شوێنەكانی خۆمان. ئێمە حەز دەكەین بە شێوەیەكی گشتی هەموو بازرگان و دووكاندارەكانمان گرنگی بە ناو و زمانی كوردی بدەن. ناوێكی زۆر جوانتر و ڕەسەنترە. لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆرم پێ خۆش بوو لە شوێنە گەشتیارییەكان ناو و زمانی كوردی گرنگی پێدرا، كە ئەمە ناو و ناوبانگ و وشەیەكی جوانتری كوردییە، لە بەرانبەریشدا خۆ زۆر شوێن هەن هەندێك ناوی نامۆ، یان بیانی دادەنێن. واتە بە ڕای من ئەگەر ناوێكی كوردی دابنێن، شوێنەكە ناوخۆییتر و جوانتر دێتە بەرچاو، لەمەدا ئەركی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و چین و توێژەكانی دیكەی ناو كۆمەڵگەیە كەوا هاندەر بن بۆ ئەوەی تاكی كورد گرنگی بە ناوی كوردی و زمانی كوردی بدات. زۆرجار ئەركی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیشە ڕێگا نەدات ناو و شوێنی بیانی و ڕێنووس و زمانی بیانی بەكار بهێنرێت. هەر میللەتێك گرنگی بە زمان و كەلتووری خۆی بدات، ئەوا میللەتێكی ڕۆشنبیر و هۆشیارە و هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەكەی لە ئاستێكی بەرزدایە. من وای دەبینم لەم چەند ساڵەی دواییدا گرنگییەكی باش بە زمانی كوردی دراوە، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان و ئومێدم زۆرە ئەم گرنگیدانە زیاتر دەبێت.

 

Top