حەماس دانانی چەکەکانی بە مەرجی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کرد
میدیا نێودەوڵەتییەکان ڕۆژی شەممە 2 ی ئاب بڵاویان کردەوە، کە بزووتنەوەی حەماس لە هەڵوێستە نوێیەکەیدا ڕایگەیاندووە، تا دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دانەمەزرێت، چەکەکانیان دانانێین.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرەتای ئەم هەفتەیە، ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی بۆ یەکەم جار داوای چەکداماڵینی حەماسیان کرد و کۆنتڕۆڵی کەرتی غەززە ڕادەستی کەرتی غەززە بکەن.
حەماس ئێستا لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی " ئێمە تەنها کاتێک کۆتایی بە بەرخۆدانی چەکداریمان دەهێنین کە مافە نەتەوەییەکانمان بە تەواوی بگەڕێندرێتەوە کە لە سەرووی هەموویانەوە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بە سەروەری تەواوەوە و قودس وەک پایتەخت دیاری بكرێت."
ئەم ڕاگەیاندنەی هەڵوێستی حەماس لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوانە فەرەنسا، کەنەدا و بەریتانیا ڕایانگەیاندووە، کە لە کۆبوونەوەی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین دەنێن.
وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەستی 60 ڕۆژ لە شەڕی غەززە و ڕێکەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان هەفتەی ڕابردوو بەبێ ئەنجام کۆتایی پێ هات.
لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە دڕندەکانی بۆ سەر غەززە و ڕۆژانە دەیان فەلەستینی دەکوژرێن.
ئیسرائیل جگە لە هێرشە کوشندەکانی، فەلەستینییەکان لە شوێنەکانی دابەشکردنی یارمەتی دەکاتە ئامانج.
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی لە شوێنەکانی دابەشکردنی خۆراک کوژراون بۆ 162 کەس بەرزبووەتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
