سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر تۆڕی دابینکردنی تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربە ئێران
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 31ی تەممووز ڕایگەیاند: سزای بەسەر یەک کەس و پێنج قەوارەدا سەپاندووە، کە بنکەکانیان لە ئێران، چین، تایوان و هۆنگ کۆنگ داناوە، بەهۆی هاوکاریکردن لە دابینکردنی تەکنەلۆژیای پرۆگرامی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی کۆنتڕۆڵی سەرمایە بیانییەکانی ئەمەریکا (OFAC)، ئەو تۆڕە پەیوەندی بە کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەی ئێرانەوە (HESA) هەبووە و ڕۆڵی هەبووە لە دابینکردنی کەلوپەلی پێشکەوتوو کە لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەکاردەهێنرێت.
لە نێو ئەو کەس و لایەنانەی کە سزا دراون، یەكێك لەوان جەواد عەلیزادە هۆشیارە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کۆنترۆڵی ئەفزار کە بنکەکەی لە تەورێزە.
کۆمپانیاکە تۆمەتبارە بە دابینکردنی ئامێری CNC بۆ کۆمپانیای HESA.
بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی ئاماژەی بە زیادبوونی هەڕەشەی پرۆگرامی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێران کرد و گوتی "تاران دەیەوێت توانای چەکی ناهاوشێوە فراوان بکات بۆ هێرشکردنە سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و بەردەوام دەبن لە پەکخستنی ئەم پرۆگرامانە."
گوڵان: سەردار خەلیل
