بوومەلەرزە و تسونامی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیای گرتەوە؛ باری نائاسایی ڕاگەیەندرا

بوومەلەرزە و تسونامی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیای گرتەوە؛ باری نائاسایی ڕاگەیەندرا

 

بوومەلەرزەیەک لە نیمچە دورگەی کامچاتکا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا شەپۆلی بەرزی چوار مەتری لێکەوتەوە، ئەمەش بووە هۆی هۆشداری تسونامی و فەرمانی چۆڵکردنی چەند وڵاتێكی نزیك زەریای هێمن.

لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمەریکا بە گوڕی 8.8 پلەی بوومەلەرزەکەی پێوانە کردووە و ناوەندی بومەلەرزەکەی بە قوڵایی 19کم (12 میل) لە نزیک شارۆچکەیەکی دوورەدەستی ڕووسیا کە 165 هەزار کەسی تێدایە.

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی ڕووسیا ڕایگەیاند، کە چەند کەسێک لە ناوچە دوورەدەستەکانی ڕووسیا بریندار بوون.

ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا ڕایگەیاند، بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە پاش ساڵی 1952ەوە كە ڕووی لە ناوچەکە کردبێت، وەزارەتی فریاکەوتنی ڕووسیا ڕایگەیاند، بەندەری ساخالین و کارگەیەکی پرۆسێسکردنی ماسی لە ناوچەکە بەشێکی ژێرئاوکەوتووە بەهۆی تسونامییەوە، هەروەها دانیشتووانی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی شاری سۆرۆ-کوریلسک کە ژمارەی دانیشتووانی دوو هەزار و 400 کەسە. دانیشتوانی شارەکە گواستراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان.

هاوکات سیستەمی ئاگادارکردنەوەی تسونامی ئەمەریکا ڕایگەیاند: کە رەنگە لە ماوەی سێ کاتژمێری داهاتوودا شەپۆلی مەترسیداری تسونامی بگاتە کەناراوەکانی ڕووسیا و ژاپۆن و دوورگەی گوام و هەندێک لە دوورگەکانی مایکرۆنیزیا.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top