ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن حوسییەکانەوە لە یەمەن
تۆڕی ماف و ئازادییەکانی یەمەن لە ڕاپۆرتێکی تۆکمەدا ڕایگەیاند: کە گرووپی ئەنساروڵڵا حوسییەكان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لانیکەم هەشت هەزار و ١٨٦ پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤیان لە پارێزگای ئەلبەیدای یەمەن ئەنجامداوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەمانە بریتی بوون لە کوشتنی خەڵکی سڤیل، دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و لەسێدارەدانی خێرا، کە تیایدا لانیکەم 842 کەس کوژراون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە و 931 کەسی دیکەش برینداربوون.
سەرەڕای ئەوەش، هێزەکانی حوسییەکان ڕاستەوخۆ لە 285 حاڵەتدا تەقەیان کردووە و لە 41 حاڵەتیشدا لەسێدارەدانی خێرایان ئەنجامداوە.
هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش داوایان کردووە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە دادگایی بکرێن و بەرپرسانی حوسییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل
