سوود وەرگرتن لە شکستی ئێران بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکا و عێراق
Leveraging Iran’s Defeat to Strengthen U.S.-Iraq Security Relations
(*)
بریکارەکانی تاران لە عێراق تاڕادەیەکی زۆر خۆیان لە بەشداریکردن شەڕی ١٢ ڕۆژە بەدوور گرت، بەڵام ئەم خۆ دوورگرتنە پراگماتیکە ڕێگری لە پەرەسەندنی کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاسمانی عێراق و هاوبەشییە ئابوورییەکان و کەرتەکانی دیکە ناکات.
عێراق بەشێوەیەکی فەرمی لە پێکددانی سەربازییەکەی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکادا شداری نەکرد، و بە وریاییەوە بەشداری نەکردنی خۆی لەو ململانێیەدا ڕاگەیاند. بەڵام ئاسمانی عێراق بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک رێڕەوێک بۆ ئۆپەراسیۆنەکان بە هەردوو ئاراستە بەکارهێنرا، هەروەک چۆن لە کاتی دوو خولی گەورەی هێرشی ئاسمانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٤دا بوو- نمایشێکی هێزی ئاگرین کە لەلایەن میلیشیاکانی وڵاتەوە کە ئێران پشتیوانیان لێدەکەن، بێ ئاگا بووبێت. بەڵام ئەم گروپانە تاڕادەیەکی زۆر لە ململانێی 12 ڕۆژە دوور کەوتنەوە، لەکاتێکدا کردەوەی ئەکتەرە بیانییەکانی بەشداربوو ئاماژەیە بۆ نیازی ڕزگارکردنی عێراق لە زۆربەی کاریگەرییەکانی شەڕەکە.
واشنتۆن بە کەڵک وەرگرتن لە خۆبەدوورگرتنی میلیشیاکان، پێویستە هەوڵەکانی بۆ پاشەکشەی کاریگەرییەکانی ئێران لە کەرتەکانی حوکمڕانی و وزەی عێراقدا، بە سوودوەرگرتن لەو زەبری بەهێزەی کە شەڕەکە دروستی کردووە، بەرەو پێشەوە ببات. لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی ئەمریکا پێویستیان بە داڕشتنی سیاسەتێکی ڕوون هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسمانی عێراق بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارێزێت- لەوانەش ئازادیی کارکردنی ئەمریکا لە هەر قەیرانێکی داهاتوودا.
پاشەکردنی میلیشیاکان
میلیشیا عێراقییەکان ڕۆڵێکی زۆر جیاوازیان لە شەڕی ئێستادا بینیوە لە چاو ئەو ململانێیەی کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، دوای ئەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، گروپە عێراقییەکانی ناو "میحوەری بەرخۆدان"ی ئێران هەڕەشەی چوونە ناو ململانێکانیان کرد ئەگەر ئەمریکا تێوەگلابێت، بەڵام ئەوان چاوپۆشییان لە هێڵی سووری خۆیان کرد و بە هەر شێوەیەک بێت دەستیان کرد بە هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان. ئەم زنجیرە هێرشە بە هێرشی قورسی ئەمریکا بۆ سەر سەرکردەکانی میلیشیا عێراقییەکان کۆتایی هات، ئەمەش وایکرد تا مانگی ئازاری ٢٠٢٤ هێرشی زیاتر بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا ڕابگرێت، لە مانگی نۆڤەمبەردا قودس هۆشدارییەکی بۆ میلیشیا عێراقییەکان دەرکرد کە بە هەمان شێوە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل کەمکردەوە.
بەڵام لە میانەی شەڕی ئەم دواییدا، میلیشیا عێراقییەکان زۆر زیاتر خۆیان بەدور گرتبوو- هەموویان هاوار کردن نەک کردارك. لە 15ی حوزەیران، حزبوڵڵای کەتایب و حزبوڵڵای حەرەکاتی نوجەبا دیسان هۆشدارییان بڵاوکردەوە کە ئەگەر ئەمریکا بەشدار بێت ئەوا دەچنە ناو شەڕەکەوە. بەڵام ئەمە سێ ڕۆژی تەواو دوای دەستپێکردنی شەڕەکە بوو، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە ئەوان چاوەڕێی ڕێنمایی لە تاران دەکەن و پێیان دەگوترا هێرش نەکەن- یان ڕێگەیان پێدراوە بۆ خۆیان هەڵبژێرن و هێشتا هەڵیانبژاردووە دەست لە کار هەڵبگرن. بە دڵنیاییەوە هیچ بەڵگەیەک نییە کە محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یان کابینەکەی هیچیان کردبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکان (ئەوان ئیمکاناتیان نییە بۆ وەستاندنی ئەم گروپانە تەنانەت ئەگەر هەوڵیشیان دابێت).
لە کۆتاییدا، پێناچێت میلیشیا عێراقییەکان لە هیچ کاتێکدا لە ماوەی شەڕەکەدا ڕاستەوخۆ لە خاکی خۆیانەوە هێرشیان کردبێتە سەر ئیسرائیل، هەرچەندە ڕەنگە هاوکارییان کردبێت لە هێرشە وردەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باشووری سوریاوە (ئەگەر وایە، ئەوا وریا بوون کە ئیدیعای دەستوەردانی لەو شێوەیە نەکەن). تەنانەت دوای ئەوەی ئەمریکا ئێرانی بۆردومان کرد، ژمارەی وردی هێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە ناوخۆی عێراقدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە میلیشیاکان تەنیا یەک هێرشی ڕەمزییان بۆ سەر ئامانجێکی ئەمریکی ئەنجامداوە: هێرشێکی دوانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ٢٢ی حوزەیران بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا؛ دانیشتنێکی پەرلەمای لە ١٧ی حوزەیران هێرشەکانی ئیسرائیلی ئیدانە کرد، نەیتوانی نیسابی یاسایی بەدەست بهێنێت؛ و بانگەوازەکانی میلیشیا تەقلیدییەکان بۆ دەرکردنی بنکە و دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا بێ دەنگ بوون ئەوەی جێگای سەرنجە، چەند ئەکاونتێکی بچووکی سۆشیال میدیای میلیشیا ڕەخنەیان لە وەڵامی ترسنۆکی سەرکردەکانیان گرت بۆ شەڕەکە.
خراب بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق
لە دوای کشانەوەی زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، ئاسمانی ئەو وڵاتە بووە سەرئێشەی بەردەوام بۆ هەموو لایەنەکان. ئەمریکا و ئیسرائیل لە مێژە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بە بەکارهێنانی وەک "پردێکی ئاسمانی" ئێرانی بۆ سوریا و لوبنان، لە کاتێکدا میلیشیا عێراقییەکان ترسیان لەو ئازادییە کردارە هەیە کە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەهرەمەند دەبن بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکدا لە سەرەوە لێیان بدەن.
لە ڕووی تیۆریەوە عێراق دەتوانێت ڕادارە چاودێرییەکانی ئێستای ئەمریکا و فەرەنسی لەگەڵ ڕادارە مەدەنییە جۆراوجۆرەکان تێکەڵ بکات بۆ ئەوەی "وێنەیەکی ئاسمانی" لە گەشتە سەربازییە بیانییەکان دروست بکات. هەروەها خاوەنی ژمارەیەکی (زۆر سنووردار) لە مووشەکی ڕێگریکەری پانتسیر ئێس-١ی ڕووسییە کە توانای گەیشتنیان بە بەرزاییە مامناوەندەکانی (١٥،٠٠٠-٥٠،٠٠٠ پێ) هەیە، لەگەڵ چەندین فڕۆکەی جەنگی-ڕێگریکەر (هەرچەندە هەموویان فڕۆکەی ئێف ١٦ی دابینکراوی ئەمریکا کە مووشەکی AIM-7Mیان هەڵگرتووە کە لەلایەن ئەمریکاوە دابینکراوە). ئەم چەکانە دەتوانن مەترسی لەسەر هەردوو فڕۆکەی نادزیی ئیسرائیل و مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی دروست بکەن کە ئاسمانی عێراق دەبڕن.
بەڵام بە کردەوە هیچ کام لەم توانایانە لە کاتی شەڕی مانگی ڕابردوودا بەکارنەهێنران. نازانرێت هیچ مووشەکێکی عێراقی ئاراستەی هیچ فڕۆکە و مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان نەکراوە، هەرچەندە ئاسمانی وڵاتەکە بەو مووشەکانە تێر بووە. فڕۆکەکانی ئیسرائیل لەکاتی هێرشکردن لە ڕۆژئاواوە و لە ڕۆژهەڵاتەوە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان بە ئاسمانی عێراقدا فڕیون، زۆرجار لە کاتی ئەو پەڕینەوەدا تانکی سوتەمەنی یارمەتیدەیان خستۆتە خوارەوە. هەروەها لەوانەیە بەشدارییان لە سووتەمەنی ئاسمانی بەسەر عێراقدا کردبێت (وەک پێدەچێت بەسەر سوریادا کردبێتیان). هاوکات زۆربەی ئەو زیاتر لە هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کروز کە لەکاتی شەڕەکەدا لەلایەن ئێرانەوە هەڵدرابوون، بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕین، هاوکات مووشەکە بالیستیکەکانی زۆرجار موشەکەکان لە سەر خاکی عێراقدا دەخستە خوارەوە. سەبارەت بە فڕۆکە ئەمریکییەکان، دەوترێت لە ٢٢ی حوزەیران لە ڕێگای هێرشکردنە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەسەر ئاسمانی عێراقدا فڕیون.
لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕەکە لە ٢٣-٢٤ی حوزەیران، لانیکەم دوو ڕاداری چاودێری عێراقی بەهۆی هێرشە نهێنییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کەمپی تاجی و بنکەی ئاسمانی ئیمام عەلی تێکشکێنران، لە کاتێکدا ڕەنگە دوو ڕاداری دیکە بە سەرکەوتوویی بنکەی ئاسمانی بەلەد و بنکەی ئاسمانی ئەلئەسعەد کرابێتە ئامانج. ڕەنگە ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیل بووبێت کە ئامانجی ڕووماڵکردنی کشانەوەی لەناکاوی کارمەندان لە ئێران بووبێت لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی نادزێو. ئەگەر وابێت، دەتوانێت نیگەرانییەکانی ئیسرائیل پشتڕاست بکاتەوە کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی عێراق دەتوانن دەستوەردان لەم جۆرە جموجۆڵانەدا بکەن یان وێنەگرتنی ئاسمانی عێراقی بخرێتە بەردەستی ئێران.
کاریگەرییەکان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا
لە نێوان زۆرێک لە کاریگەرییە بەرچاوەکانی شەڕ لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق، سێ کاریگەری سەرەکی دیارن:
یەکەم: میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ڕادەبەدەر وریا دەمێننەوە لە وروژاندنی هێرشەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل لە ناوخۆی عێراقدا و پێدەچێت تارانیش ئەم ڕێبازە بە ژیرانە بزانێت. ئیسرائیل تاڕادەیەکی زۆر پابەند بووە بەم یاسایانەشەوە، جگە لە ئەگەری لێدانی ڕادارەکانی عێراق لە کۆتایی شەڕەکەدا. تەنانەت کاتێک حەیدەر موسەوی- سەرکردەیەکی سەرەکی میلیشیای عێراقی کە لە ئۆپەراسیۆنە جۆراوجۆرەکانی سوریادا بەشدارە- لە ٢١ی حوزەیراندا کردە ئامانج، ئیسرائیل چاوەڕێی کرد تا لە خاکی عێراقی چووە دەرەوە و هاتە ناو ئێرانەوە پێش ئەوەی لێبدات. لە داهاتوودا ئەگەر ئێران یان بریکارە عێراقییەکان بڕیار بدەن سنووری ئەم دیتێنتە ڕواڵەتییە تاقیبکەنەوە، واشنتۆن پێویستە ئەوەیان بیربخاتەوە کە هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان یان مووشەکێک کە سەرچاوەکەی لە عێراقەوە بێت، دەبێتە هۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سەرکردە سەرەکییەکانی میلیشیاکان. ئەگەر واشنتۆن نەتوانێت ڕەچاوی ئەم هێڵە سوورە بکات، بێ گومان ئیسرائیل ئەو کارە دەکات و ئەگەری هەیە پێگەی ئەمریکا لە عێراق ئاڵۆزتر بکات.
دووەم: پرسەکانی ئاسمانی عێراق پێویستیان بە مامەڵەکردنی وردتر هەیە، لەنێویاندا هەڵوێستێکی سیاسی تایبەت بە ئەمریکا. لە کۆتایی شەڕەکەدا، هەردوو جەنەڕاڵ ڕەحیم سەفەوی لە سوپای پاسداران و میلیشیای حەرەکاتی حزبوڵڵای نوجەبا ڕەخنەیان لە حکومەتی عێراق گرت کە نەیتوانیوە بەرگری لە ئاسمانی وڵات بکات. بانگەوازەکانی بەغدا بۆ وەرگرتنی ئامێری بەرگری ئاسمانی غەیرە ئەمریکی بەتواناتر، تەنانەت پێش شەڕەکەش لە گەشەکردندا بوو و ئێستا بەپەلەتر دەبێت. بۆ نموونە لە گرێبەستێکی 2.8 ملیار دۆلاری ڕاپۆرتکراودا، عێراق سیستەمی بەرگری مووشەکی مەودای مامناوەندی چیۆنگۆنگ-2ی کۆریای باشوور وەردەگرێت، کە توخمەکانی ئەو ڕادارانە لەخۆدەگرێت کە لەگەڵ سیستەمی ئێس 400ی ڕووسیدا بەکاردەهێنرێن. لە بەرامبەردا، ئەمریکا پێویستی بە پەرەپێدانی هەڵوێستێکی سیاسی ئاشکرا هەیە- مەرج نییە بە ئاشکرا پەیوەندی پێوە بکرێت، بەڵکو لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لەگەڵ سەرکردایەتی سەربازی عێراقدا- سەبارەت بە دۆخی ئاسمانی وڵاتەکە. هەروەها پێویستە ئامرازی جۆراوجۆر بەکاربهێنێت- وەک فرۆشتنی چەک، فشار لەسەر دابینکەرانی بەدیل و بەکارهێنانی سزاکان- بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دۆخی کۆتایی بەرگرییە ئاسمانییەکانی عێراق مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان ئازادیی کارکردن دروستنەکات.
سێیەم: هەوڵەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراقدا پێویستە هانبدرێن بەو ڕاستییەی کە هیچ کوتلەیەکی گەورە لەکاتی جەنگدا هێرشی نەکردووەتە سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا یان داوای دەرکردنیان نوێکردۆتەوە. ئەمە ئاماژەیەکی بەهێز بوو کە کاریگەری ئێران لە عێراقدا (بەشێوەیەکی کاتی) کەم بووەتەوە بەهۆی ئەو لێدانە ترسناکەی کە تاران بەریکەوتووە. بۆیە لە کاتێکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەشێکی چۆڵکرا لە کاتی شەڕەکەدا، پێویستە هەموو ئەرکە سەرەکییەکانی بە خێرایی بگەڕێندرێنەوە بۆ بەغدا. لە کاتێکدا کە پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ هەوڵی کەمکردنەوەی بوونی وەزارەتی دەرەوە بدات لەکاتی بڕیاردان لەسەر دووبارە بڵاوکردنەوەی کێ، بەڵام دەبێت دڵنیابێت لەوەی کە هەر گۆڕانکارییەکی لەو جۆرە پەراوێزییە و کاریگەری لەسەر ئەرکی سەرەکی نەبێت. هۆکارەکانی ئەم بەپەلەییە ڕوونن- ئەمە ساتێکی دەرفەتی گەورەیە بۆ فراوانکردنی کاریگەرییەکانی ئەمریکا لە عێراق، پاراستنی کارمەندان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەوێ و کەمکردنەوەی هەمیشەییتر کاریگەرییە خراپەکانی ئێران.
بۆ ئەوەی نموونەیەک بهێنینەوە: لە ٢٩ی حوزەیران، سەرۆکی دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، جاسم محەمەد عەبود، لەلایەن دەستەیەکی دادوەرە نیشتمانییەکانەوە ناچارکرا خانەنشین بێت- هەنگاوێک کە پێش شەڕەکە بیری لێنەدەکرایەوە و پێدەچێت شکستی هێنابێت ئەگەر کاریگەری ئێران تێک نەدرابا. گۆڕانکاری زیاتری لەو جۆرە ئەگەری هەیە، لەوانە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ لابردنی کاریگەرییەکانی ئێران لە ناو کەرتی وزەی ئاستی جیهانی عێراق. لەڕاستیدا بەرپرسانی ئەمریکا ئەم دەرئەنجامەیان لە بڕیارەکەی ٣ی تەمموزدا بۆ سزادانی قاچاخچییەکی گەورەی نەوتی عێراق کە لە هەمان کاتدا بۆ حکومەتی عێراق و فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئێران و کۆمەڵێک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشانکراوی ئەمریکا کاریان دەکرد، پێشبینیان کرد.
(*)
نووسینی: مايكل نايتس

شێرکۆ حەبیب