ڕووسیا داوای ڕاگرتنی خێرای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد و نیگەرانی خۆی لە ئاسایشی وێستگەی کارەبای بوشەهر دەربڕی کە شارەزایانی ڕووسیا تێیدا کاردەکەن.
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی سان پترسبۆرگ داوای لە حکومەتی ئیسرائیل کرد دەستبەجێ هێرشەکانی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕابگرێت.
زاخارۆڤا نیگەرانیی خۆی لە ئاسایشی وێستگەی کارەبای بوشەهر دەربڕی کە شارەزایانی ڕووسیا لەوێ کار دەکەن.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە مەترسیدارترین ئاستی خۆی، ئاماژەی بەوەدا: ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ کردەوە شەڕانگێزەکانی ئیسرائیل لە دژی ئێران بە پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ستانداردە یاسایی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
زاخارۆڤا هێرشەکانی ئیسرائیلی شەرمەزار کرد و گوتی: ئەم کردەوانە دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنی بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهانی هەبێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە دۆخەکە جێگەی نیگەرانییە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زۆرێک لە خەڵکی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
