دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربان.. لە کۆنفڕانسی مافی مرۆڤ لە(جنێف)یش باسی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربان.. لە کۆنفڕانسی مافی مرۆڤ لە(جنێف)یش باسی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكات



بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پارێزگاری هەولێر، سەركونسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر، نوێنەرانی مانگی سووری توركیا و مانگی سووری عێراق و ژمارەیەك لە بەخشەران و كاناڵەكانی ڕاگەیاندن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربانی ڕاگەیاند. داوا لە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەكات، حكومەتی عێراقی ئاگادار بكاتەوە كە برسیكردنی خەڵك نە لە چوارچێوەی بنەماكانی ماڤی مرۆڤە، نە لە هیچ یاسایەك جێی دەبێتەوە.


بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد - سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو - پارێزگارێ هەولێر، ئەرمان تۆپچو - كونسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر و ژمارەیەك لە بەخشەران و نوێنەرانی مانگی سووری توركیا و مانگی سووری عێراق و كاناڵەكانی ڕاگەیاندن، ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی 6\6\2025 لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە كۆشتارگەی هەولێر بەڕێوە چوو، پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربانی پیرۆز ڕاگەیەندرا.
سەرەتا ئومێد خۆشناو پارێزگارێ هەولێر، دوای پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە هەمووان و سوپاسكردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەخشەرانی پاڵپشتی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربانی پیرۆز، داوای لە هاووڵاتییان كرد، لە كاتی قوربانیكردنی مەڕوماڵات بە هەموو شێوەیەك پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بنرو، لە كوشتارگەكان قوربانی بكەن، بۆ ئەوەی تەندروستیی خەڵك نەكەوێتە مەترسییەوە. ئەوەشی خستەڕوو، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەر لە جەژنی قوربان نزیكەی 17,000 سەبەتەی خۆراكیان بە سەر خەڵكی هەژاردا دابەش كردووە، جەختی لەوەش كردەوە كە دابەشكردنی ئەو هاوكارییانە لە كاتێكدایە كە "زوڵم و ستەمەكانی بەغدا لە چوارچێوەی پێشێلكردنی دەستووری عێراق و یاسا و ڕێكەوتنەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بەردەوامە و لە دوای ساڵی 2013 تا ئێستا هەمیشە گرفتی بوودجە و مووچەیان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە".
دواتر، ئەرمان تۆپچو سەركونسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر، لە وتەكانیدا سەرەتا لە ڕێگەی میدیاكارانەوە پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد. باسی ئەوەشی كرد كە ساڵی پاریش سەردانی كوشتارگەی هەولێری كردووە و ئەوەشی دووپات كردەوە، كە ئەم كوشتارگەیە بە ستانداردی جیهانی كار دەكات و سوپاسی ستافی كوشتارگەكەیشی كرد.
كونسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر ئەوەشی خستەڕوو كە "مانگی سووری توركیا بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری عێراق، ئەمساڵ نۆ تۆن (9,000) كیلۆ گۆشتی سوور دابەش دەكات، كە لە هەولێر ژمارەی سوودمەندانی دەگاتە هەزار خێزان، لە دهۆك 250 خێزان و لە مووسڵیش زیاتر لە 600 خێزان لێی سوودمەند دەبن".
هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربان و گوتیشی: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كاتی كارەساتی بوومەلەرزەكان لە توركیا بە خێراترین شێواز و وەك یەكەم دەزگا گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكان و بە هانای خەڵكی لێقەوماو هاتن، لە خوای گەورەش داواكارین زیاتر دەستی هاریكاریی مرۆییان فراوانتر بكات ". لە بەشی كۆتایی لێدوانەكانیشیدا بە زمانی كوردی گوتی: "جەژنی قوربانتان پیرۆز بێت".
دواتر موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پەیڤێكی پێشكەش كرد و دوای جەژنە پیرۆزە لە موسڵمانانی كوردستان و جیهان و بەخێرهاتنی ئامادەبوون، سوپاسی هەموو ئەو لایەنە بەخشەرانەی كرد، كە هەمیشە پاڵپشتی كار و چالاكییەكانی دەزگا بوون. گوتیشی: "ئێمە ئاخافتنێكی بارزانیی نەمرمان كردووەتە دروشمی كارەكانی خۆمان، كە فەرموویەتی: (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت). ئەمساڵیش بە شانازییەوە كۆمەڵێك چالاكیمان هەیە، وەك زياتر لە 17,000 پاكێجی خۆراك و پارەی كاش بۆ 500 خێزان و دیاری بۆ منداڵان كڕدراوە، لە پرۆسەی دابەشكردنی گۆشتی قوربانی بەردەوامین، كە بە سوپاسەوە دەزگاكانی ڕاگەیاندن، چالاكییەكانی ئۆفیسەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان بە شێوەیەكی بەرفراوان گواستووەتەوە.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بەوە كرد كە هاوكات لەگەڵ جەژنی قوربان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەیاننامەیەكی ئاراستەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، لەسەر ئەو ڕەوشەی كە حكومەتی عێراق لە هەرێمی كوردستان دروستی كردووە. جەختی لەوەش كردەوە كە "برسیكردنی خەڵك كێشەی دیكە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، لە كۆنفڕانسی مافی مرۆڤیش لە جنێف، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی دەكات". گوتیشی: "ئێمە تەمەننا دەكەین، هەموو لایەنە مرۆییەكان و هەموو ڕێكخراوە مرۆڤدۆستەكان، هاوكار و پاڵپشتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بن، بەتایبەتی كە دەبینن، هەرێمی كوردستان یەكێك لەو شوێنانە بووە، كە لە هەر كارەساتێك كە بە سەر ئەو ناوچەیەدا هاتووە، بە دەستێكی پڕ و دڵێكی فراوانەوە، نەك دەرگاكانی ماڵیان، بەڵكو دەرگاكانی دڵیشیان كردووەتەوە بۆ ئاوارە و پەنابەران، ئێستاش لەو كاتەدا لە جیاتی ئەوەی پاداشتی ئەو خەڵكە بدرێتەوە، بەداخەوە برسی دەكرێن. بۆیە بە ئەركی هەموو ڕێكخراوە مرۆییەكانی دەزانین، بەتایبەتی ئەوانەی ئەندامن لە(UN)، پێگەی خۆیان بەكار بهێنن، بۆ ئەوەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، حكومەتی عێراقی ئاگادار بكاتەوە، كە برسیكردنی خەڵك نە لە چوارچێوەی بنەماكانی ماڤی مرۆڤە، نە لە هیچ یاسایەك جێی دەبێتەوە".
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ساڵی 2016ـەوە ئەندامی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە (ECOSOC)، ساڵانە بەشداریى کۆڕ و کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و ڕەوشی مرۆیی و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لە جنێف و نیویۆرک و ڤیەننا دەکات، لە هەمان کاتیشدا، وەکو چاودێرێک و ئەندامی ئیکۆسۆک مافی بەرزکردنەوەی ڕاپۆرت و سکاڵای لەسەر ڕەوشی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا هەیە.
لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لە ئەندامێتی لە ئیکۆسۆک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕاپۆرتێکی تایبەت لە بارەی بڕینی قووت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز دەكاتەوە.
ئەمەش خوارەوەش، پوختەی ڕاپۆرتەکەیە:
ڕاپۆرتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە کاریگەریی بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەسەر ڕەوشی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دامەزراوەیەکی مرۆییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کار دەکات، نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت لە بڕینی مووچە و قووتی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و هۆشداریش دەداتە ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕەوشی مرۆیی، کە ئەو کارەی حکومەتی عێراق لە دژی فەرمانبەران کردوویەتی، ڕەوشی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە، کە هۆکارەکەی بەکارهێنانی پرسی مووچەیە وەکو کارتێکی سیاسی.
دواکەوتن و بڕینی مووچە، کاریگەریی گەورەی لەسەر هەموو خێزانێکی هەرێم هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتان و منداڵان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، ئەویش بەهۆی بڕیاری بڕین و ڕاگرتنی مووچەی کارمەندانی خزمەتگوزاری شارستانی و خانەنشین و کارمەندانی کەرتی حکومی بەگشتی، کە زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، پێیانوایە پاساوی ئەم بڕیارە، پاڵنەری سیاسی هەیە.
لە کاتێکدا ڕوونە کە ناکۆکی یاسایی و دەستووری بەردەوام لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و زۆرێک لە ماددەکانی دەستووری عێراق، کە عێراقییەکان دەنگیان پێداوە، جێبەجێ نەکراون، زیاتر لە دە ساڵە بژێوی ژیانی خەڵکی ئاسایی هەرێمی کوردستان وەک چەکێک لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە بۆ بەدەستهێنانی خاڵە سیاسییەکان بەکارهێنراوە. ئەم شەڕە دەروونییە لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی، زۆرێک لە منداڵانی لە هەژاریدا بەجێهێشتووە، دۆخێکی دروست کردووە کە خێزانەکان توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەیان لەدەست داوە.
لە کۆتایی ساڵی 2013ـەوە بوودجە و مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە زۆرترین گرفتی بۆ دروست کراوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی فیدڕاڵ هیچ دواکەوتنێکیان لە بابەتی دارایی و بڕینی مووچە نییە، بەڵام بەداخەوە هێشتا هەرێمی کوردستان کێشەی هەیە بۆ پێدانی مووچە بە شێوەیەکی ئاسایی. بۆ زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان نادڵنیایی مووچە نیگەرانییەکی بەرچاوی دروست کردووە، هەروەها بڕینی بوودجە یەکێکە لە هۆکارەکانی ڕەشبینی و بێهیوایی لەنێو خەڵکدا، بۆ زۆرێک لەو خێزانانەی کە ئافرەتان سەرچاوەی بژێوی ژیانی خێزان بەدەست دەهێنن، دۆخەکە لەوە سەختترە کە بیری لێدەکرێتەوە، دڵەڕاوکێ کێشەیەکی تەندروستی باوە لەنێو هاووڵاتیانی بەتەمەن، بەهۆی نەبوونی ئاسایشی دارایی و مامەڵەی خراپ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە دۆخی دەروونیان لە ئاستێکی مەترسیدایە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، بۆ ئەوەی دوور بکەوێتەوە لە بەکارهێنانی بوودجە و مووچە وەکو چەکێک لە دژی فەرمانبەران و هاووڵاتیان، هەروەها نابێت خەڵکی ئاسایی بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی پابەند بکرێن بە سازشکردن لەسەر مافە ڕەواکانی خۆیان. هاوکات داوا له به غدا دەکات، مافی هەموو منداڵێک له هەموو ناوچەکانی عێراق وەکو یەک له بەرچاو بگرێت و دۆخێک دروست نەکات که داهاتووی منداڵان بەرەو تاریکی و نائومێدی بڕوات.
نوێنەرایەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
بۆ مافەکانی مرۆڤ لە جنێف

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربان.. لە کۆنفڕانسی مافی مرۆڤ لە(جنێف)یش باسی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربان.. لە کۆنفڕانسی مافی مرۆڤ لە(جنێف)یش باسی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربان.. لە کۆنفڕانسی مافی مرۆڤ لە(جنێف)یش باسی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكات
Top