فوئاد حەسەن ئەندازیاری كشتوكاڵی لە زاخۆ: خانووی پلاستیكی و پاڵپشتیكردنی جووتیار بەرهەمی كشتوكاڵیمان لەڕووی بڕ و جۆر و كوالێتییەوە بەرەو پێشەوە دەبات

فوئاد حەسەن  ئەندازیاری كشتوكاڵی لە زاخۆ:  خانووی پلاستیكی و پاڵپشتیكردنی جووتیار بەرهەمی كشتوكاڵیمان لەڕووی بڕ و جۆر و كوالێتییەوە بەرەو پێشەوە دەبات

 

لە هەرێمی كوردستان كەرتی كشتوكاڵی كەموكووڕیی تێدایە و ناشتوانین بڵێین جووتیارەكانمان بەرهەم و بەروبوومیان نییە، بەڵام ئەم بوونەش لە ئاست خواست و ویستی ئێمەدا نییە و چەندین كەموكورتی و كێشە لەناو ئەم سێكتەرەدا هەن. زۆر جار جووتیارەكانمان ڕێگایەكی هەڵە بەكار دەهێنن، هەر ئەمەشە وای كردووە، خاكێكی بەپیت و دەوڵەمەند بەروبوومێكی زۆر باش و كوالێتیی بەرزی لێ بەرهەم نەهێنرێت. خاكی كوردستان دەوڵەمەندە بە هەموو پێكهاتەكانی خۆراكییەوە، زەیتوون و فستق و سەوزەوات و باینجان و خەیار و تەماتە و پەتاتە و دەیان بەرهەمی دیكە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر جووتیارێك ماندووبوونێكی پێوە بكێشێت، بەرهەمێكی وای دەست بكەوێت، ئەگەر لە بازاڕدا ساغی بكاتەوە و بیكاتە پارە، ئەوا بڕە پارەیەكی زۆر كەمی دەست دەكەوێت و هاندەر نابێت بۆ ئەوەی ساڵی دواتر بتوانێت بەرهەمی خۆی زیاتر بكات. بۆیە خاكی دەوڵەمەند و بەپیتمان هەیە، كەچی بەروبووم و بەرهەمەكە لە ئاست پێویستدا نییە. ئەوە جگە لەوەی لە هەندێك بەروبوومدا ئەوەندە كەمە هەر جێگای باسكردن نییە. گرفتەكە لەوەدایە لەم زەمەن و سەردەمەدا لەگەڵ بوونی دەیان كێشەی نوێی كەشوهەوا و گۆڕانكاریی لە شێوازی ڕوواندن و چاندن و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و بوونی دەرد و نەخۆشی و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە بەرهەمەكە، كەچی جووتیارەكانمان پرس و ڕا بە ئەندازیارانی كشتوكاڵی ناكەن، هەر یەكێك بەپێی زانینی خۆی كاری جووتیاری و كشتوكاڵی دەكات و بەرهەم دەهێنێت، یاساكان و ڕێنماییەكان و پاڵپشتی و هاندان و دەستنیشانكردنی ئەو خاك و شوێنانەی كە بۆ چاندنی بەروبوومێكی دیاریكراوی كشتوكاڵی پێویستن، هەمووی كەموكووڕی تێدایە. وڵاتانی دەوروبەرمان لەم بوارانەدا بەتایبەتی لە خانووی پلاستیكی زۆر بەرەو پێشەوە چوون، ئێمە ئەم خانووە پلاستیكییانەمان هەیە، كەچی جووتیارەكانمان بە هەڵە بەرهەمی تێدا دەڕوێنن، حكومەتیش بەپێی پێویست ئەم خانووە پلاستیكییانە بۆ جووتیار دابین ناكات. ئێستا لە هەولێر زۆر خانووی پلاستیكی، یان شووشەییان داناوە، بەڵام لە پارێزگای دهۆك ئەم خانووە پلاستیكییانە زۆر كەمن.

 با سەیری توركیا بكەین كە وڵاتێكی پێشكەوتووە بۆ كشتوكاڵ، كە پشتیوانیی جووتیاری خۆیان دەكەن و هاوكاری هەموو شتێكیان بۆ دەكەن لە ڕووی ماددی و مەعنەویشەوە، بەڵام لای ئێمە ئەم كارە كەمە، تەنانەت بۆ وەبەرهێنانی كشتوكاڵی و تەرخانكردنی زەوی و خاكیش كەموكووڕیمان هەیە. ئەوەتا زۆر زەحمەتە وەبەرهێنەر بتوانێت مۆڵەتی شوێنێك وەربگرێت و زەحمەتییەكی گەورە دەبینێت. پێویستە ئێمە وەك لایەنە پەیوەندیدارەكان كارئاسانی بۆ ئەو شوێنانە و بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە بكەین، تا بتوانن چ سەوزە و میوەیەك بەرهەم دەهێنن، كاری لەسەر بكەن. پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی هەبێت بۆ ئەوەی جووتیاران هان بدات، چ جۆرە سەوزە و میوە و بەرهەمێكی كشتوكاڵی بەرهەم دەهێنن، وەرزی قۆخ و گێلاس و شلیكە و دواتر باینجان و سەوزەكان كەی دەست پێدەكات و بڕەكەی چەندە و چۆن دەخرێتە بازاڕەوە و بەپێی چ پێوەرێك بەرهەمەكە دەپێورێت، كە پێداویستیی بازاڕ دابین دەكات، بۆ ئەوەی ڕێگا لە هاتنە ناوەوەی ئەو جۆرە بەرهەمە بگیرێت، لەمەش گرنگتر پێویستە لایەنی پەیوەندیدار كۆگای ساردكەرەوەی هەبێت و بەرهەمی زیادەی جووتیار لەو كۆگا ساردكەرەوانە دابنرێت و كەی بازاڕ پێویستی پێی هەبوو، بیخاتە بازاڕەوە، لەمەش گرنگتر بوونی كارگەی خۆراكە، واتە پیشەسازیی خۆراكی زۆر گرنگە بە هاوشێوەی توركیا سەرجەم بەروبوومەكانی خۆی لەو كارگانە ساغ دەكاتەوە و بە نرخ و پارەیەكی زۆر دەینێرێتە وڵاتانی دەرەوە و چەندین ساڵ دەتوانرێت بەكار بهێنرێن.

من دەمەوێت لەوە تێبگەم بۆچی شەربەت و میوەجات و پاقلەمەنی و دەیان جۆری دیكەی بەرهەم لە قوتوبەند دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان، كەچی خۆمان ئەو كارگانەمان نییە؟ چۆن دەبێت لە هەرێم و وڵاتێكی كشتوكاڵیدا زۆرینەی بەرهەمەكان لە دەرەوە بهێنرێن؟ ڕاستە ساڵی ڕابردوو هەندێك بەرهەممان ناردە دەرەوەی هەرێم و وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا كراون، بەڵام بڕەكەی زۆر كەم بوو، دیارە كێشەیەك لە ڕێكخستن و تێچوون و كوالێتیی ئەو بەرهەمانە هەیە، بۆیە ڕەواجی لەسەر نەماوە. لەلایەكی دیكەوە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەكە و خستنە ناو بازاڕەوە، جووتیار زیانێكی گەورە دەكات. وەرزی بەرهەمهێنانی خەیار لە بازاڕدا نرخەكەی بۆ هەر كیلۆیەك 200 دینارە، باشە دەبێت چ پارەیەك بۆ جووتیارەكە دوای گواستنەوەی بۆ عەلوە بمێنێتەوە؟ ئەمە كارەساتە بۆ جووتیار و هاندانی نابێت بۆ بەردەوامبوون. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات،  پێویستە ئێمە ڕێگایەك بەكار بهێنین، ڕێگاكە بوونی ژمارەیەكی زۆری كۆگای ساردكەرەوە بێت، یان كارگەی پیشەسازی و لە قوتوبەند بێت، یان دۆزینەوەی بازاڕی دەرەوەی هەرێم بێت، هەروەها كاروباری بەبازاڕكردن لەناو عەلوەكان ڕێك بخرێتەوە و لەوێوە كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكرێت و ئەوانەی لە ڕێگەی قاچاخ لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومی كشتوكاڵیی خۆمان، بەرهەمی بیانی بهێنن، سزای توند بدرێن، بەتایبەتی لە دیوی پارێزگای سلێمانییەوە كە ڕاستەوخۆ هەموو ئەم بەرهەمە قاچاخە دەرباز دەبێت.

 

Top