سەرۆك بارزانی: پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە هەموو لایەك پابەندی دەستوور و پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی بن
سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆك هۆزی پارێزگای ئەنبار و دەوروبەری بەغدا كرد، لە دیدارەكەشدا باسی لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و چۆنیەتیی پاراستنی عێراق لە هەڕەشە و ئاستەنگەكان كرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 26/5/2025، لە سەلاحەدین، سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆك هۆزی پارێزگای ئەنبار و دەوروبەری بەغدا كرد، لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد كە هەردەم بەرگریكار و پاڵپشتی داواكاری و مافی پێكهاتەكانی عێراق بووە، هەروەها سوپاسی گیانی مێواندۆستیی خەڵكی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و لە كاتی شەڕی تیرۆردا سەدان هەزار ئاوارەیان حەواندووەتەوە.
هەر لەو دیدارەدا، ئەندامانی شاندی میوان باسی بارودۆخی پارێزگای ئەنبار و ماف و داواكاری و كێشەكانی ناوچەكانیان كرد، سەرۆك بارزانییان لە چەندین پێشنیار و داواكاریی خەڵكی ناوچەكانیان ئاگادار كردەوە، داواشیان كرد لە پڕۆسەی حوكمڕانی و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا هاوسەنگی هەبێت و هەماهەنگی و برایەتی و تەبایی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق پتەوتر بكرێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان گوتەیەكی پێشكەشی ئامادەبوان كرد و لە گوتەكەیدا ڕۆشنایی خستە سەر ئەو هەڵە و پێشێلكارییانەی كە لە دوای ڕووخانی ڕژێم ئەنجام دراون، جەختی لەوە كردەوە كە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا ئەو كات سەركەوتوو دەبێت كە هەموو لایەك پابەندی دەستوور و پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی بن.
سەرۆك بارزانی هەر لە گوتەكەیدا، باسی لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و چۆنیەتیی پاراستنی عێراق لە هەڕەشە و ئاستەنگەكان كرد.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینییەكانی ئامادەبوانی دایەوە.
