د.جۆشان مەجید ئاسنگەر ڕاگری كۆلیژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵیپەكانی زانكۆی سەلاحەدین – هەولێر: هەتا ئێستا سیاسەتێكی دروستمان بۆ بەكارهێنان و بەڕێوەبردنی «خاك و ئاو» پیادە نەكردووە
د.جۆشان مەجید ئاسنگەر، جیا لەوەی كە ڕاگری كۆلیژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سەڵاحەدینە لە هەولێر، لە هەمان كاتدا پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە زانستی كشتوكاڵ و بەرهەمەكانی مانگای شیر. لە ساڵی 1989 لە كۆلێژی كشتوكاڵ و دارستان لە زانكۆی مووسڵ بڕوانامەی بكالۆریۆسی وەرگرتووە و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری بەرهەمەكانی مانگای شیر، لەو كاتەوە تا ئێستا ئەزموونێكی گەورە و كەڵەكەبووی لەسەر ئاستی زانستی و پراكتیكی گەڵاڵە كردووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا)، لەسەر بنەمای زانستی و پراكتیكی لە سێكتەری كشتوكاڵدا، قسەی لەسەر لەلایەنە جیاوازەكانی ئەم سێكتەرە گرنگە كرد و بەمجۆرە تێڕوانین و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستەڕوو.
جێگەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ ئەم پۆلە پسپۆڕ و ئەكادیمییە لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكەوە كۆبووینەتەوە و باس لە پرسێكی زۆر گرنگ و ژیاری دەكەین، كە ئەویش «بەرنامە و پلانە بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا»یە.
من وەكو پسپۆڕێك كە لە ناوەندێكی زانستی و ئەكادیمی كاردەكەم، سەرنج و تێڕوانینی خۆم سەبارەت بەو پرسە گرنگە ئەوەیە، ئەگەر سەیرێكی كەرتی كشتوكاڵ بكەین، دەبینین هەر لە دێرزەمانەوە لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، ئەو كەرتە ڕووبەڕووی چەندین ئاریشە و ئالنگاری بووەتەوە كە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ڕۆڵیان هەبووە، لە قووڵكردنەوەی ئەو ئاریشە و ئالنگارییانە، ئەوجا بە هێرشكردن بووبێت بۆ سەر گوندەكانی كوردستان، یان بە بۆمبابارانكردنی بە ڕێگەی تۆپ و فڕۆكە، یان ڕاگوێزانی گوندنشینان بۆ ئۆردوگا و دەوروبەری شارەكان، لەدوای پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراقیش ئەم كێشەیە هەر ماوە و زیندووترین نموونەش بۆ ئەم پرسە، كێشەی زەوی و زاری جووتیارانی گوندی پەلكانەیە لە سنووری پارێزگای كەركووك، هەر بۆیە كەرتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەژیر هەڕەشە و كاولكاری و داگیركاریدا بووە.
لە دوای ڕاپەرینی بەهاری 1991 كە بارودۆخێكی تازە هاتە ئاراوە و بەشێكی ئەم پارچەی كوردستان ڕزگاری بوو، كە دواتر پەرلەمان و حكومەتی كوردستان دامەزرا، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر باری دوو گەمارۆی «عێراقی و نێودەوڵەتی»، هەموو گوندەكانی كوردستان خاپوور كرابوون، دەوربەریان بە مین چێنرابوون، بۆیە خەڵكەكەی بە ئاسانی نەیاندەتوانی گوندەكانی خۆیان ئاوەدان بكەنەوە و دەست بە كاری كشتوكاڵی بكەنەوە.
وێڕای هەموو ئەم ئاستانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدانی خۆی بەردەوام بووە بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ ببووژێنێتەوە و پەرەی پێبداتەوە، بەڵام جارێكی دیكە بە هۆی بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق هەر لە ساڵی 2014وە تا ئێستا ئاستەنگی زۆریان بۆ پەرەپێدانی ئەم سێكتەرە گرنگە دروست كردووە، بەڵام لەگەڵ دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئاراستەی كاركردن بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ وەرچەرخانێكی مێژوویی بەسەردا هاتووە و پشكی شێری لە بوودجەكەی بۆ خزمەتكردن و بەرەوپێش بردنی كەرتی كشتوكاڵ تەرخان كردووە، هەروەها دەرگاكانی واڵا كرد بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە سێكتەرە جیاوازەكانی كەرتی كشتوكاڵ، وەك «ڕووەكی، ئاژەڵی گەورە، پەلەوەر و سامانی ماسی».
- بۆ ئێستا ئەوەی پێویستە كاری لەسەر بكەین، ئەوەیە كە دەبێت هەوڵەكان چڕبكەینەوە كە ئاستی بەرهەمی خۆماڵی لە سێكتەرە جیاوازەكانی كشتوكاڵ بە ئاستێك بەرز بكەینەوە، كە بگاتە ئەوەی ئاستی خۆبژێویی ناوخۆیی پڕبكاتەوە و ئەوەشی زیادە هەناردەی بازاڕەكانی عێراق و دەرەوەی بكەین، بۆ ئەمەش لە هەندێك بەرهەمدا زۆر چووینەتە پێشەوە، بەتایبەتی لە بەرهەمەكانی «هێلكە و پەتاتە»، بەرهەمەكانی دیكەش بە ئاستی جیاواز ڕوویان لە هەڵكشانە.
بەكارهێنان و بەڕێوەبردنی دروست بۆ «خاك و ئاو» زۆر گرنگە، كە بە مەزندەی من ئێمە هەتا ئێستا سیاسەتێكی دروستمان بۆ بەكارهێنان و بەرێوەبردنی «خاك و ئاو» پیادە نەكردووە. لە بواری بەكارهێنان و بەڕێوەبردنی دروستی ئاو و سەرچاوەكانی ئاودا، هەر بۆ نموونە كاتێك سەیری پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی دەكەین، ئەوجا گەورە بێت، یان بچووك، دەبینین هەتا ئێستاش بە شێوازی هەرەمەكی و كۆن ئاوی كێڵگەكان دەدرێت و ئاوێكی زۆر بەفیڕۆ دەدرێت و نەمانتوانیوە ڕێگەی سەردەمییانە و تەكنەلۆژیای نوێ بەكار بهێنین، بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەفیڕۆدانی ئاو بگرین، لەمەش خراپتر هەڵكەندنی هەرەمەكیانەی بیری قووڵی و ئیرتیوازی و بەفیڕۆدانی ئاوی ژێر زەوی، كە بەشی زۆری ئەو بیرانەی لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان لێدەدرێن، بە شێوازی قاچاخ و نایاسایین. پێشنیاری ئێمە بۆ ئەم پرسە ئەوە بووە، كە حكومەت خۆی لە چەند ناوچەیەك كە كێڵگەی كشتوكاڵی لێیە، بیری قووڵی ئیرتیوازی لێبدات و ئاوەكە پێوەری لەسەر دابنێت و بە بۆری بیدات بە كێڵگەكان و پارەی ئاوەكەشیان لێ وەربگرێت، ئەمە دەبێتە ڕێگە چارەیەك بۆ ئەوەی خەڵك ناچار نەبێت، بە ڕێگەی نایاسایی بیر هەڵبكەنێت. خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە حكومەت پشتیوانی لە پڕۆژە كشتوكاڵییە بچووكەكان بكات. لە گوندەكانی ئێمە هەتا ئێستا نەتوانراوە كاری دەستەجەمعی و پێكەوەیی لە بواری كەرتی كشتوكاڵدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم پرسە پێویستمان بە پلانی تۆكمە هەیە. بۆیە ئەگەر هاووڵاتییەك پڕۆژەیەكی بچووكی هەبێت و حكومەت پشتگیری بكات بە پێدانی قەرزی درێژخایەن و دابینكردنی كەرەستەی كشتوكاڵی، ئەوە خزمەتێكی زۆری بووژانەوەی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان دەكات.
ڕێكخستن و كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان، ئەمەش بەو مانایەی پارێزبەندییەك بۆ بەربوومی خۆماڵی دابنرێت، بۆ ئەوەی لە وەرزی بەرهەمهێناندا جووتیاران بتوانن بەرهەمەكانی خۆیان ساخ بكەنەوە و زەرەرمەند نەبن. بەداخەوە زۆر جار بینیومانە لە وەرزی بەرهەمهێنانی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان، جووتیاری كوردستان ناچار دەبێت ئەو بەروبوومەی بەرهەمی هێناوە، بە پارەیەكی زۆر كەم بیفرۆشێت، كە وای لێدەكات زەرەرێكی زۆر بكات و ساڵی داهاتوو هیچ بەرهەم نەهێنێتەوە.
هەوڵدان بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لەم چوارچێوەیەدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی هەڵگرتووە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین هەموو كات بەروبوومی كشتوكاڵیی هەرێمی كوردستان سەبەتەی خۆڕاكی هەموو عێراقیش بووە، لەبەر ئەوەی كەشوهەوای كوردستان بۆ هەموو جۆرەكانی بەرهەمی كشتوكاڵی لەبارە. لەم بوارەدا دەبێت چاومان لەسەر ئەوە بێت، بە تەواوەتی پشت بە پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ ببەستین. زۆربەی ئەوانەی پێشتر كاری كشتوكاڵییان دەكرد و بەرهەمهێنەر بوون، ئێستا لە فەرمانگەیەك بوونەتە فەرمانبەر و بەكاربەرن . ئەمە زیانی زۆر گەورەی لە ژێرخانی ئابووریی ئێمە داوە. بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بیر لەوە بكاتەوە، كە هانی وەبەرهێنەرە گەورەكانی ناوخۆ و دەرەوە بدات، بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی گەورە لە لایەنە جۆراوجۆرەكانی كەرتی كشتوكاڵدا بكەن، بۆ ئەوەی بگەینە ئەو ئاستەی ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دابین بكەین.
ئاستەنگی گەورە لەبەردەم پێشخستن و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان، هاوردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵیی «ڕووەكی، ئاژەڵی، پەلەوەر و ماسی»یە لە وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان. بە ڕاستی ئەو بەروبوومە كشتوكاڵییانەی هاوردە دەكرێن، جیا لەوەی كوالێتییان خراپە، لە هەمان كاتدا بووەنەتە هۆكاری ئەوەی بەروبوومی خۆماڵییش لە بازاڕەكانی كوردستان نرخیان بشكێت و ساخ نەبنەوە. بۆیە دەبێت سنوورێك بۆ بەربوومی هاوردەكراوی كشتوكاڵی دابنرێت و، ڕێگەیەك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی هانی جووتیاران بدرێت، زیاتر بایەخ بە بەرهەمهێنانی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانیان بدەن.
هۆكارێكی دیكە كە كاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر بەروبوومی كشتوكاڵی هەیە، نەبوونی تۆوی تۆماركراوی ڕاستەقینە وەك براندە، ئەوەی ئێستا لە بازاڕەكانی كوردستان دەفرۆشرێت، بەشی زۆریان بە قاچاخ هاوردە كراون و مۆرێك، یان نیشانەی كۆمپانیایەكی بەناوبانگی لەسەر دانراوە، بەڵام لە بناخەدا ئەو مۆر و نیشانانە ساختەن، بۆیە دەبێت كۆنتڕۆڵی جۆری لەسەر تۆوی ڕاستەقینە زۆر توند بكرێت و ڕێگە نەدرێت تۆوی ساختە لە بازاڕەكانی كوردستان ساخ بكرێنەوە.
لەگەڵ فراوانبوونی شارەكان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بەهۆی كوژاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ پڕۆژە و یەكەكانی نیشتەجێبوون، ڕووبەری پێویست بۆ كەرتی كشتوكاڵ كەم دەبێتەوە. بۆیە لەم پرسەدا پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی چاككردنەوەی زەوی كشتوكاڵی بگرێتەبەر. ئێمە لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك شوێنی زۆر باشمان بۆ كشتوكاڵ هەیە، بەڵام پێویستیان بەوە هەیە چاك بكرێن، بۆ ئەوەی بتوانرێت بۆ كشتوكاڵ بەكار بهێنرێن. زەوییەكی یەكجار زۆرمان هەیە، پێدەشت و چیایەكی زۆرمان هەیە، كە دەكرێت كاری تێدا بكەین، بەنداو و پۆندی لێ دروست بكەین، بۆ ئەوەی لە بواری پەرەپێدانی كشتوكاڵ سوودی لێوەربگرین.
كەشوهەوای كوردستان بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵی زۆر گونجاوە، بۆ ئەمە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆلێژەكانی كشتوكاڵ لە زانكۆكانی كوردستان زۆر بە وردی توێژینەوە لەسەر ئەوە بكەن، كە كام ئاژەڵ بۆ كەشوهەوای كوردستان گونجاوە، تا بتوانین پەروەردەی بكەین و بیكەینە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات بۆ ئابووریی كوردستان.
هەر لەبواری پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵ، ئێستا لە كوردستان پڕۆژەی كشتوكاڵی لەم بوارە زۆرن، بۆیە ئەگەر پشتگیری بكرێن و هان بدرێن، باشتر پڕۆژەكان دەچنە پێشەوە، هەروەها كۆلێژەكانی كشتوكاڵیش هاوكار دەبن، بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ كێشە و گرفتەكانیان بدۆزرێتەوە.
لە دوماهیدا جەخت لەوە دەكەمەوە، كە هەماهەنگیی پێویست لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ و كۆلێژەكانی كشتوكاڵی زانكۆكان زۆر گرنگە، هەموو كۆلێژێك ساڵانە سەدان توێژینەوە و دەیان نامەی ماستەر و دكتۆرا لەسەر كێشە و گرفتەكانی كشتوكاڵ ئامادە دەكەن، بۆیە ئەگەر كێشەیەك، یان گرفتێك لە بواری كەرتی كشتوكاڵ هەبێت و كۆلێژەكانی كشتوكاڵ، لێی ئاگادار بكرێنەوە، ئەوا ئێمە ئەو كێشە و گرفتانە دەكەینە ناونیشانی نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرا و كاری لەسەر دەكەین و بە شێوازێكی سەردەمییانە بە سوودوەرگرتن لە زانستی نوێ و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو چارەسەریان بۆ دەدۆزینەوە.
