پەیامێكی ڕاشکاو لە کاتێکی هەستیاردا
لە گوتارێكی مێژوویی دا، سەرۆک مەسعود بارزانی، پەیامێكی هەستیاری لەكاتێكی زۆر تایبەت، ئاراستەی هەمووان كرد. وەبیری هێناینەوە، کە كوردایەتی كاروانێكی کۆتایی نەهاتووی تێكۆشانە، و بەردەوام دەبێت و کەس ناتوانێت تەنیا لەچەند بابەتێكی سادەو ساكاری وەك موچەو بودجەدا كورتی بکاتەوە. دەبێ قۆناغی بەکارهێنانی موچە و بژێوی خەڵک وەک کارتی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی کوردستان کۆتایی بێت، چونکە لەوە زیاتر قبوڵ ناکرێت!
گوتارەکەی سەرۆک بارزانی لە کاتێکدایە، کە هاوکێشە سیاسیەکان لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهانی لە گۆڕانی گەورەدان. لە نێو ئەو گۆڕانکارییانە پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزە. گوڕانی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست، بارودۆخێكی نوێی لە عێڕاق دروست کردووە، کە خستوویەتیە بەردەم بڕیاری چارەنووساز و یەکلاکەرەوە، ئایا هەر وەک دەوڵەتێکی میلیشیا دەمێنێتەوە، یان هێلە خوارەکانی پێشێلکردن و پشتگوێخستنی دەستور دەمێنێتەوە! ئەو بژاردەیە ئایندەی عێڕاق و دەسەڵاتدارانی شیعە لەو وڵاتە دیاری دەکات، چونکە ئەوەی لە گۆڕانکارییە نوێیەکاندا دەخوێندرێتەوە، دەوڵەتی میلیشیا جێگای قبوڵ نیە و پێویستە عێڕاق ببێتە دەوڵەتی دامەزراوەیی و بە گوێرەی دەستور کار و کارلێک بکات لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا. ئەوەش دەسەڵاتدارانی بەغدا ناچار دەکات، بۆ هەر سێ بنەمای سازان و هاوبەشی و هاوسەنگی لە حوکمڕانی بگەڕێنەوە. بەبێ ئەو بڕیارە و ئەو بەخۆداچوونەوەیە، ئایندەی عێڕاق وەک دەوڵەت نادیارە و هەموو ئەگەرەکان کراوەن، بەڵام ئەگەری هەر بەهێز ئەوەیە عێڕاق خۆی دەخاتە ناو گێژاوێکی پڕ لە مەترسی ئابوری و سیاسی و ڕەنگە سەربازیش.

د. مەیادە محەمەد نەجار