جیهان ئایدل دەنگە شازەكانی قوتابیانی دیاری كرد
لە هۆڵی كۆنفراس لە زانكۆی جیهان ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبووانی ژمارەیەكی زۆر لە خۆشەویستانی هونەری كوردی، کە لە لایەن دەزگای پەروەردەی زانکۆی جیهان ڕێکخرابوو، دەستەیەک لە بەهرەمەندان و شارەزا لە بوارەکانی گۆرانیی و میوزیک تێیدا بەشداربوون، لەسەر دەستی پسپۆرانی بواری گۆرانی و میلۆدی کوردی هەڵبژێردران و بوون بە خاوەنی خەڵاتی باشترین دەنگ لە پڕۆگرامی "جیهان ئایدل".
پڕۆگرامەکە، بریتی بوو لە دەست نیشانی کردنی توانا شاراوەکانی کوڕان و کچانی تازە هەڵکەوتووی ئارەزوومەند بە هونەری ئاواز و گۆرانی کوردی و هەڵبژاردنی چەردەیەک لە میوزیک و گۆرانییە فۆلکۆرییە ڕەسەنە کوردییەکان و گەشتێک بە نێو میلۆدییە ڕەسەنەکاندا، کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندن لە فەرهەنگ و کولتووری کوردی دا، بۆیه بەشی پەروەردەی زانکۆی جیهان بە گرنگییەوە ئەو پڕۆگرامەی ڕێکخست، کە دەتوانێت ئەو قورگە سپی و دەنگە شاراوانە ئاشکرا بکات، کە دەتوانن مشتێک بخەنە سەر خەروارێک لە نێو هونەری کوردی دا و نەوەیەکی هونەردۆست پێشکەش بە کوردستان بکات. لە بارەی ئامادەكاری ئەم بەرنامەیەش دانا محەمەد بەرێوەبەری دەزگای جیهاە بۆ پەروەردە گوتی" ئێمە وەكو پلانی ساڵانەی خۆمان هەڵساین لە قوتابخانەكانی سەر بە زانكۆی جیهان لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و كەركووك باشترین دەنگ خۆشەكانم بە چەند قۆناغێك هەڵبژارد لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆری میوزیكی بۆ ئەوەی بتوانین تاكو فیناڵی بەرنامەكە لەگەڵیان بین ئەو گۆڕانیانەشیان بۆ تۆماربكەین وەكو گۆڕانەیەكانی خۆیان و چەندین دیلاریش پێشكەش بە یەكەمەكان كراوە، بە لیژنەیەكی پرۆفیشناڵ كارەكانمان ئەنجامدا كە هەوڵ و هیمەتی باشمان كرد بۆ سەرخستنی ئەم كارە هونەرییە.
لە کۆتایی ڕێورەسمەکەشدا براوەی خەڵاتەکانی باشترین دەنگ بەخشرایە،
"مەلیس ئەحمەد"، کە لە کەرکوکەوە بەشداربوو بە پلەی یەکەم و خۆشترین دەنگ دەستنیشان کرا و لە دوای ئەویشدا "شانیا کیفاح"، کە لە دهۆکەوە بەشداری کردبوو، خەڵاتی دووەمی بەدەستهێنا و "بڵند رێکان" بە پلەی سێیەم دیاری کرا، کە لە هەولێری پایتەختەوە بەشداری لە پڕۆگرامی جیهان ئایدل کردبوو.
