دەشتی مەنتك لە ڕێكخراوی ئاڤیار بۆ هۆشیاریی ژینگەیی: دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی و پۆند و بەنداوەكان بۆ پاراستنی پیسبوونی ژینگە پێویستە
پابەندنەبوونی كاركەگان و پاڵاوتگەكانی نەوت و موەلیدەكان بە ڕێنمایی و مەرجەكانی پاراستنی ژینگە، ڕۆڵێكی خراپیان بینی بۆ پیسبوونی ژینگەی هەرێمی كوردستان، ئەم حاڵەتە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق سەریهەڵدا و پاڵاوتگەكان لە كات و ساتێكدا دروست كراون، هیچ مەرجی ڕێنمایی ژینگەییان نەبووە و بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگە.
سەبارەت بە ڕێژەی ستانداردی سەوزایی كە بەداخەوە نەمانتوانیوە ئەم ڕێژە ستانداردە بپارێزین، تاكو ئەمڕۆ پانتایی دارستان و باخچە و پارك و سەوزایی لە شارەكاندا لە ئاست ئەو فراوانبوونەی بینایە و باڵەخانە و ڕێگاوبانەكان نەبووە، هەرچی ئەو پارك و باخچە و چاندنی نەمامەی هەیە، بەپێی پێویست نییە و نەگەیشتووینەتە ئاستی ستانداردی جیهانی، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵسێت بە دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی لەسەرجەم شار وشارۆچكەكانی كوردستان، خۆ ئەگەر پشتێنەی سەوزایی دروست نەبێت، بە هیچ شێوەیەك ناتوانین بگەینە ئاستی ستانداردی سەوزایی جیهانی و فلتەری ژینگەیی بۆ شارەكانمان دروست بكەین. لەلایەكی دیكەوە هەنگاوەكانی دروستكردنی پۆند و بەنداوەكان و ڕاكێشانی ئاو بە بۆری و داخستنی بیرەكانی ئاوی خواردنەوە بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و زیادكردنی پانتایی دارستان و سەوزایی گرنگی لە ڕاددە بەدەریان هەیە، بۆ پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە بۆ نەوەكانی داهاتوومان .
