ئەندازیار شاكر مەحمود بەڕێوەبەری گشتی كارەبای دهۆك:   پڕۆژەی ڕووناكی پڕۆژەیەكی مەزنی نیشتمانییە و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی تۆكمەی بۆ داڕێژراوە

ئەندازیار شاكر مەحمود  بەڕێوەبەری گشتی كارەبای دهۆك:     پڕۆژەی ڕووناكی پڕۆژەیەكی مەزنی نیشتمانییە و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی تۆكمەی بۆ داڕێژراوە

 

 

ئەندازیار شاكر مەحموود بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای دهۆكە و، بە شێوەیەكی مەیدانی ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ كێشە و گرفتەكانی كارەبادا دەكات، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان»، زۆر بە وردی باسی كێشە و گرفتەكانی سێكتەری كارەبای لە هەرێمی كوردستان كرد و، بە شێوەیەكی تایبەتیش باسی ئەو پێشكەوتن و گۆڕانكارییانەی كرد كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە كەرتەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا لە پارێزگای دهۆك بە دەست هاتوون و، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە ئەم گفتوگۆ كراوەیەی ڕیك خستووە و، ئەم هەموو پسپۆڕ و شارەزایەی پێكەوە كۆ كردووەتەوە بۆ ئەوەی گەنگەشە لەسەر پرسێكی زۆر گرنگ بكەین، كە پەیوەندیی بە ژیانی سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستانەوە هەیە، كە بریتییە لە «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان»دا.

لە دەسپێكی ئەم گفتوگۆیەدا بەرێز وەزیری كارەبا، باسی لە كۆمەڵێك كاری گرنگ كرد، كە لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سێكتەری كارەبادا ئەنجام دراون، دوایین گەورە پڕۆژەش، پڕۆژەی ڕووناكییە بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ سەرانسەری هەرێمی كوردستان و، ئێستا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كاری تێدا دەكرێت.

لەم گفتوگۆیەدا من زیاتر جەخت لەسەر ئەو كارانە دەكەمەوە كە لە سێكتەری كارەبا لە پارێزگای دهۆك هاتووەتە ئەنجامدان و، ئەگەر بەراوردیان بكەین بە پێشتر، دەبینین دەیان جار زیادی كردووە، هەر بۆ نموونە لە بواری تۆڕەكانی گواستنەوەی كارەبا، ئێمە پێشتر لە دهۆك تەنیا 100 كیلۆمەتر تۆڕی گواستنەوەی 132 KV مان هەبوو، بەڵام ئێستا تۆڕی گواستنەوەی 132 KV گەیشتۆتە نزیكەی 750 كیلۆمەتر.

لە بواری فراوانكردنی تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبادا تۆڕەكان زۆر باش فراوان بوون، وێستگەی كارەبای -33 132 KV كە پێشتر تەنیا 3-4 وێستگەمان هەبوو، ئێستا 70 وێستگەی كارەبای 33 - 132 KVمان هەیە.

لە بواری وەبەرهێنان لە كەرتی كارەبا، ئێمە پێش دروستبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ وەبەرهێنانێك لە سێكتەری كارەبا لە پارێزگای دهۆكدا نەبووە، بەڵام ئێستا وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبامان هەیە كە 1218 میگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت، وێستگەیەكی دیكەش بە توانای 950 میگاواتی لە ئایندەیەكی نزیكدا تەواو دەبێت، كە پێكەوە دەبنە 2168 میگاوات، ئەم بڕەی بەرهەمهێنانی كارەبا ئەگەر بتوانین هەمووی بەرهەم بهێنین، پێداویستییەكانی كارەبای پارێزگای دهۆك پڕ دەكاتەوە.

لە چوارچێوەی ئەو پلانە ستراتیژییەی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لە سێكتەری كارەبا لە كابینەی نۆیەمدا پیادەی كردووە، ئێمە لە تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا لە پارێزگای دهۆك كێشەیەكی ئەوتۆمان نییە، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە حكومەتی عێراق بە هۆی بڕینی بودجەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانی دروستی كردووە، بەتایبەتی نەبوونی بودجەی تەواو بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەمە كاریگەری كردووەتە سەڕ ڕەوشی كارەبا.

خاڵێكی زۆر گرنگ كە پێویستە بە بایەخەوە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، هۆشیاركردنەوەی خەڵكە لە شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ كارەبا و بەكارهێنانی بەپێی پێویست، لەمەدا دەتوانم بڵێم ئێمە توانیوومانە تا ڕادەیەكی زۆر باش بە ئاستی پێداویستییەكانی خەڵك كارەبا بەرهەم بهێنێن، بەڵام ڕاشكاوانە دەڵێم سەركەتوو نەبووین لەوەی بەو ئاستە خەڵك هۆشیار بكەینەوە كە خەڵك بەپێی پێویست و ئیكۆنومی كارەباكە بەكار بهێێنت، هەربۆیە ئەگەر هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ هۆشیار كردنەوەی خەڵك دەست پێبكەین و هۆشیار بكەینەوە كە ڕێگری لە بەفیڕۆدانی كارەبا بكەن، ئەوا هەم خەڵك سوودمەند دەبێت بەوەی پارەیەكی باشی بۆ دەگەڕێتەوە و هەمیش باری سەر شانی حكومەت بەو ئاستە قورس نابێت كە بودجەیەكی زۆر گەورە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا تەرخان بكات.

لە ئەزموونی جێبەجێكردنی پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەك كە هەتا ئێستا 70% ئەم پڕۆژەیە لە پارێزگای دهۆك تەواو بووە و تەنیا 30% ماوە و كاری بەردەوامی تێدا دەكرێت، ئێمە توانیمان هاووڵاتی لەسەر ئەوە ڕابهێنین كە تەنیا 30 ئەمپێر كارەبا زیاتر بەكار نەهێنێت، بەڵام پێوەری زیرەك لەگەڵ ئەوەی ڕیژەی بە فیڕۆدانی كارەبای تا ئاستێكی باش كەمكردەوە، بەڵام بە تەواوی كێشەی بە فیرۆدانی كارەبای چارەسەر نەكرد، هۆكاری ئەم چارەسەرنەكردنەكەش ئەوەیە كە نەتوانراوە نرخێكی گونجاو بۆ كارەبا دابنرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەپێویستی خۆیان كارەبا بەكار بهێنێن، بەڵام ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكی كاری جدی لەسەر دەكرێت بۆ ئەوەی بە فیڕۆدانی كارەبا بنبڕ بكات.

پڕۆژەی ڕووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان پڕۆژەیەكی مەزنی نیشتمانییە و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی تۆكمەی بۆ داڕێژراوە، تیمێكی بۆ دانراوە كە لەگەڵ وەزارەتی كارەبا بە هەماهەنگی ئەم پڕۆژەیە لە سەنتەری شارەكان جێبەجێ دەكەن و پاشانیش سەرانسەری قەزا و ناحیەكانیش دەگرێتەوە. خاڵی گرنگ لەم پڕۆژەیە ئەوەیە كە لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئاستی هاووڵاتیانی « كەم دەرامەت و مامناوەند» جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە لە دانانی نرخێكی گونجاو بۆ كارەبادا ڕەچاوی داهاتی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت دەكرێت و بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتیان دروست ناكات.

بەپێی ئەو داتا و ئامارەی لای ئێمەیە وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای دهۆك هەیە، پێداویستیی ماڵێكی ئاسایی بۆ كارەبا لە مانگێكدا لە نێوان 800- 1200 كیلۆ واتە، بەپێی ئەو نرخەی كە مەزندە دەكرێت لە پڕۆژەی ڕووناكیدا جێگر بكرێت، هاووڵاتیان لە مانگێكدا تەنیا بری « 80-100» هەزار كرێی كارەبا دەدەن، بەڵام ئەم بڕە پارەیەش هەتا ئێستا مەزندەبۆكراوە و بڕیاری لەسەر نەدراوە و دیراسەتی زیاتری لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی بە جۆرێك بێت لە بەرژەوەندیی زیاتری هاووڵاتیاندا بێت، هەر بۆیە ئەم بڕە پارەیە بەراورد بە كرێی كارەبای پێشتری كارەبای «موەلیدە و نیشتمانی» زۆر كەمە، ئەمە جیا لەوەی هاووڵاتیان چەندین كێشەی دیكەشیان لە كۆڵ دەبێتەوە.

جێگەی ئاماژە پێكردنە وەك بیرۆكەیەك بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، هەر دوای دانانی پێوەری زیرەك ئێمە پڕۆژەیەكمان لە چەند شارێكی نیشەجێبوونی دهۆك جێبەجێ كرد، بە ناوی «دانی پارەی پێشوەخت – Pre-paid»، ئەمەش واتە هاووڵاتی پێشوەختە كارتێكی دەكڕی و بەپێی كارتەكە كارەبای بەكار دەهێنا، لەم پڕۆژەیەدا 11 هەزار هاوبەشمان هەیە، بەڵام پڕۆژەی ڕووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری فراوانترە و هەموو هاووڵاتیانی كوردستان لێی سوودمەند دەبن.

 

Top