بەرپرسیاریەتی بریتیە لەڕاستگۆیی لەکردار و گوفتار

بەرپرسیاریەتی بریتیە لەڕاستگۆیی لەکردار و گوفتار

(یۆنانییەكان ) دەڵێن "بەرپرسیارییەتی بریتییە لە بنچینەی پێگەیشتنی مرۆڤ ".
گومانی تێدانییە مرۆڤ لە هەر وێستگەیەك لە وێستگە جۆراوجۆرەكانی ژیان پێویستە بەرگەی بەرپرسیاریەتی قۆناغەكان هەڵبگرێ چ لە قۆناغی قوتابی و خوێندن و دواتریش قۆناغەكانی تری ژیان كە هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی وا لە بیرو هزری مرۆڤـــــ دەكات كەوا هەمیشە ویژدانی ئاسودە و بیرو هزری هیور بێت و جوانتر و باشتر دەوروبەری خۆی ببینێ و، هەمیشە ئەو كەسانە هەست بە بەرپرسیارییەتی دەكەن و لێی ڕاناكەن. كەسانی ئەرێنی و بیرو بیركردنەوەیان ئەرێنی و هێور و لە سەر خۆیە. دەتوانن بە ئاسودەیی بیر بكەنەوە و بڕیار بدەن و لە هەمان كاتدا ویژدانیان ئاسودەیە و پانتایەكی زۆری ئازادی و دەسەڵات لە ژێر دەستی خۆیان دایە دوور لە ترس و ڕاڕایی و گومان. لە بیرمان نەچێت كەسە ئازا و بوێرو متمانە بە خۆ بووەكان هەمیشە بەرگەی كردار و ڕەفتار و گوفتاری خۆیان دەگرن و هەست بە بەپرسیارییەتی تەواو دەكەن، ئەوەش نیشانەی كەسانی سەركردە و ئازا و بوێر و پێگەیشتووە، هەمیشە كەسانی بەرپرسیار لە ڕەفتار و كردار كەسانێكن ئازا و بوێر دەتوانن بڕیار بدەن و متمانەیان بە خۆیان و متمانەی دەوروبەریشیان بەدەست دەهێنن و كەسانێكن بەرگەی ئامانج و ئەنجامەكان دەگرن. هەردەم بەرەو بەدەست هێنانی ئامانجەكانیان لە هەوڵ كۆششی بەردەوام دان و كەسانی ئەرێنی و گەشبین و كەمتر تووشی تەنگ و چەلەمە و تەنگەژە و گرفتی سەخت دەبن. دەگێڕنەوە جارێكیان" چوار قوتابی زانكۆ بیریان كردەوە چۆن هۆكارێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بەشداری نەكەن لە تاقیكردنەوەیەك كە بەیانی هەیانبوو. ئەوە بوو پەیوەندیان بە مامۆستاكەیان كرد كەوا تایەی ئۆتۆمبێلەكەیان تەقیوە و دۆخیان سەختە و لە ڕێگەدا ماونەتەوە لە كاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ ئۆتۆمبێلەكەیان پەكی كەوتووە كە (خۆیان شەوەكەی تا درەنگ لە ئاهەنگێك بەشداریان كردبوو ئەو فێلەیان دۆزییەوە تا تاقیكردنەوەكەیان دوابخەن). مامۆستاكەشیان ڕازی بوو تاقیكردنەوەكەیان بۆ دوابخات بۆ ڕۆژێكی تر، ئەوانیش زۆر دڵخۆش بوون بە وەڵامی مامۆستاكەیان كە ڕازی ببوو لە سەر دواخستنی تاقیكردنەوەكە لە كەیف و ئاهەنگی خۆیان بەردەوام بوون و دڵخۆش بوون كەوا بیرۆكەكەیان سەركەوتوو بوو. قوتابیەكان لە ڕۆژێكی دیاری كراو لە تاقیكردنەوەكە ئامادەبوون لە زانكۆ مامۆستاكەیان داوای لێكردن هەر یەكێكیان لە سوچێكی دوور لە یەكتر لە هۆڵی تاقیكردنەوە دابنشین تاوەكو گزی نەكەن و سەیری یەكتر نەكەن، مامۆستاكە پەڕاوی تاقیكردنەوەی بە سەردابەش كردن، ئەوانیش بە پەڕۆشەوە چاوەڕوانی پرسیارەكان بوون تابزانن ئەوەیان بۆ هاتۆتەوە كە خوێندویانە یان نا؟
پرسیارەكان بریتی بوون لە
1-كام تایەی ئۆتۆمبێلەكەتان تەقیوە لە چوار تایەكە؟
2-كاتژمێر چەند بوو ڕووداوەكە ڕوویدا؟
3-كێ لە ئێوە ئۆتۆمبێلەكەی لێدەخوری؟
4-ڕێكخستنی دانیشتنی هەر چوارتان چۆن بوو لە سەر كورسی ئۆتۆمبێلەكە؟
لە كۆتایی نوسیبووی ئەگەر هەمووتان هەمان وەڵامی ڕاستان نووسیبوو ئەوا هەمووتان دەرچوون بە نمرەی تەواو، بەڵام ئەگەر پێچەوانەكەی ڕوویدا ئەوا ئێوە درۆ دەكەن و چارەنووستان دەرنەچوونە.
لەو چیرۆكە پێمان دەڵێت لە ڕاستی و دروستی ڕامەكە لەوانەیە ڕاستییەكەی نەڵێ ڕابكەی، ڕەنگە رووبەڕووی سەخت تر و قورستر ببیتەوە چەندجاری تریش درۆ بكەیتەوە. بەڵام ئەگەر ڕاستیەكەت دركاند بارودۆخ یەكجارە و ئاسانتر دەبێت و پێویست ناكات پەنا بۆ درۆ و ناڕاستی ببەیت و هەمیشە ڕاستگۆیی و رووبەڕووبوونەوە ڕاستی و دروستی بارودۆخەكان یەكجارە و یەك ئەنجامە.
لە بیرمان نەچێت هەر یەكەوە و بەرگەی بەرپرسیارییەتی كردار و ڕەفتاری خۆی دەگرێت و ئەگەر نا وانەیەكی سەخت و قورس فێر دەبێت.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top