دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵای وەهاب هەڵەبجەیی ڕەت کردەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای (ژمارە 226/فیدراڵی/2023 ) وەهاب هەڵەبجەیی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023ـوە تۆماری کردووە، لەو سکاڵایەدا داوای لە دادگای باڵای فیدراڵی کردووە، جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 3ـی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ساڵی 2006ـی پەڕڵەمانی کوردستان بە نادەستووری بناسێنێت هۆکاری سکاڵاکەشی بۆ ئەوە هێناوەتەوە کە مەودای کاتی جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە بەسەر چووە سەرەڕای ئەوەی کە تاوەکوو ئێستا وردەکارییەکانی بڕیاری دادگا بڵاو نەکراونەتەوە بەڵام تایبەتمەندییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بە پێی دەستووری عێراق ساڵی 2005 بەو شێوەیەی خوارەوەن:
بەپێی ماددەی (93)ی دەستووری عێراق، ئەرکی دادگای باڵای فیدراڵی بریتییە لە:
یەکەم: چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاسا و پەیڕەوە بەرکارەکان.
دووەم: لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوور.
سێیەم: یەکلاکردنەوە لەو پرسیانەی کە لە جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکان و بڕیار و پەیڕەو و ڕێنماییەکان و ئەو ڕێوشوێنانەوە دێنە ئاراوە کە دەسەڵاتی فیدراڵی دەریان دەکات، یاسا زامنی مافی تانەدانی ڕاستەوخۆ دەکات لە بەردەم دادگادا بۆ هەریەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەوانەی دۆسیەیان لە تاک و کەسانی تر.
سێیەم: یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەی کە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە خۆجێییەکان ڕوو دەدەن.
پێنجەم: یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی کە لەنێوان حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگاکاندا دێنە ئاراوە.
شەشەم: یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان دەکرێن.
حەوتەم: پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
هەشتەم:
ا-یەکلاکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لەنێوان دادگای فیدراڵی، و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا.
ب-یەکلاکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لەنێوان دەستەی دادوەری هەرێمەکان، یان پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا.
دەستووری عێراق بەپێی ماددەی (94) هەموو دەسەڵاتەکانی عێراق پابەند و ملکەچ دەکات بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.
دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دا بە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی داواکار لە بەر ئەوە لە زمنی ئەو تایبەتمەندییانە نییە کە بۆ دادگای باڵی فیدراڵی دیاریکراوە.
هەر چەندە کە بە بڕیاری دادگا داواکەی ڕەد کراوەتەوە بەڵم لە ڕووی یاساییەوە بە پێی ماددەی مادەی (130) یاسا کارپێکراوەکان کاریان پێ دەکرێت ئەگەر هەڵنەوەشێنرابێتنەوە یان هەموار نەکرابن بەگوێرەی حوکمەکانی ئەم دەستوورە. ئەو یاسایانەی کە بەرکارن تا ئەو کاتەی لە ڕێەی دەستەلاتی یاسادانانەوە هەموار دەکرێن یان هەڵدەوشێندرێنەوە بەردەوام دەبن لە نموونەی ئەو یاسایانەش کە دادگای باڵی فیدراڵی ئەو بڕیارەی پێ دەر کردووە یاسای ژمارە 30 بۆ ساڵی 2005 کە بە یاسای ژمارە (25) ساڵی 2021 لە 22/6/2021 یەکەم هەمواری بۆ ئەنجامدرا.

سەنار شێرۆكی