ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بۆ ٤٨ هەزار و ٢٧١ کەس بەرزبووەوە
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی ٧ فەلەستینی دیکە بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە گواستراونەتەوە و ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکە گەیشتە ٤٨ هەزار و ٢٧١ کەس.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە کەرتی غەززە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی ٧ کەسی دیکە بۆ نەخۆشخانەکان گواستراونەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تەرمی شەش کەس لەو کەسانە لە ژێر داروپەردوو دەرهێنراون.
بەم ژمارەیە کۆی قوربانیانی هێرشی ١٦ مانگەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ ٤٨ هەزار و ٢٧١ کەس زیادی کرد.
هەروەها ژمارەی بریندارەکان لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥ کەس زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١١١ هەزار و ٦٩٣ کەس.
بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕۆژی ٢ی شوبات ڕایگەیاند: کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٦١ هەزار و ٧٠٩ کەس. تەرمی ٤٧ هەزار و ٤٨٧ کەس گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان. هێشتا تەرمی ١٤ هەزار و ٢٢٢ کەس لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێنن.
گوڵان: سەردار خەلیل
