جگەرەكێشان ڤیتامینەكان لە لەشدا كەم دەكاتەوە

جگەرەكێشان ڤیتامینەكان لە لەشدا كەم دەكاتەوە

 جگەرەكێشان هۆكارە بۆ زیادبوونی ئاستی فشاری ئۆكسان Oxidative stress لە لەشدا، ئەمەش هاندەرە بۆ كەمبوونەوەی گەلێك ڤیتامین، بەتایبەتی ئەوانەی كە سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە وەكو ڤیتامین C، E، B9، B6، B12، لەگەڵ بیتا كارۆتین Beta carotene كە لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین A. كەمیی ئەم ڤیتامینانە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی جیاواز زیاد دەكات. دوكەڵی جگەرە تێكەڵاوێك لە ماددەی ژەهراویی تێدایە لەگەڵ چەند ماددەی كیمیایی شێرپەنجەیی كە هەموو ئەندامەكانی لەش دەخەنە بەر ڕیسكی شێرپەنجە، لە لایەكی دیكەوە دوكەڵی جگەرە بە فشاری ئۆكسان دەبێتە هۆی دروستبوونی گەردیلە یان ئەتۆم یان ئایۆنی ناتەواو كە بە كۆلكە سەربەستەكان Free radicals ناسراون و دەبنە هۆی تێكدانی خانەكانی لەش و كەمبوونەوەی چەند ڤیتامین و كانزایەك لە لەشدا، هاوكات لەگەڵ زیادكردنی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و شێرپەنجە. گرنگترترین ڤیتامینەكان بۆ كەسانی جگەرەكێش بریتین لە ڤیتامین C و E كە پێویستە بە بڕی زیاتر لە پێویستی ئاسایی ڕۆژانە لە خۆراكەوە دابین بكرێن، بۆنموونە ڕۆژانە بڕی 35 ملگم زیاتر لە پێویستیی ڕۆژانە ڤیتامین C وەربگیرێت، میوە مزرەكان، كاڵەك، شووتی، شیلك، تەماتە، برۆكۆلی، پەتاتە، بیبەری شیرین سەرچاوەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C، هەروەها پێویستە كە ڕۆژانە بە لای كەم 15 ملگم ڤیتامین E لە سەرچاوە خۆراكییەكانەوە دابین بكرێت وەكو باوی، گوێز، كازو، بندق، فستفی سودانی، سەوزە گەڵا تاریكەكان، بەتایبەتی سپێناغ یان برۆكۆلی، زەیتی ڕووەكی، هەروەها تۆوەكانی وەكو گوڵەبەڕۆژە.

Top