زانیاریی گرنگ سەبارەت بە كۆلیستڕۆڵ
ئەوە ڕوونە كە ئاستی بەرزی كۆلیستڕۆڵ بەتایبەتی كۆلیستڕۆڵی خراپ لە خوێندا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات، بەڵام لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردووەتەوە كە ئاستی بەرزی كۆلیستڕۆڵ پەیوەندی بە زیادبوونی گەلێك گرفت و نەخۆشیی ترەوە هەیە، بۆنموونە:
• كۆنترۆڵكردنی ئاستی كۆلیستڕۆڵی خوێن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات كەم دەكاتەوە.
• ئاستی بەرزی كۆلیستڕۆڵ كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر توانا و فرمانەكانی مێشك بەتایبەتی توانای بیرهاتنەوە.
• بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستڕۆڵی خوێن پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزهایمەر.
• ئاستی كۆلیستڕۆڵ لە خوێندا بەرزدەبێتەوە لەپاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەی ئافرەت Menopause و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەبێت.
• پێویستە كە پشكنینی ڕۆتینی كۆلیستڕۆڵ لە تەمەنێكی زوو ئەنجام بدرێت، بۆنموونە لە تەمەنی 20 ساڵی و بەسەرەوەدا هەر 5 ساڵ جارێك.
• چەورە تێرەكان Saturated و چەوری نێوەندەكان Trans fats ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە بەرزكردنەوەی ئاستی كۆلیستڕۆڵدا.
• ئاستی بەرزی كۆلیستڕۆڵ تاكە هۆكاری هاندەر نییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، هەروەها ئاستی نزمی كۆلیستڕۆڵ تاكە ڕێگەی خۆپاراستن نییە لە نەخۆشیی دڵ، بەڵكو گەلێك هۆكاری دی ئەگەری نەخۆشیی دڵ بەرزدەكەنەوە وەكو: ئاستی بەرزی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان TG، جگەرەكێشان، كەمیی جووڵە و ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشی، قەڵەوی، نەخۆشیی شەكرە، هەروەها بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
