چەند ئاو خواردنەوە پێویستە لە هاویندا؟

چەند ئاو خواردنەوە پێویستە لە هاویندا؟

 ڕۆژانە خواردنەوەی بڕی تەواوی ئاو بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا زۆر پێویستە بۆ پاراستنی تەندروستی. گەرمای هاوین ئەگەری كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش Dehydration بەرز دەكاتەوە ئەگەر بە خواردنەوەی بڕی باشی ئاو ڕێگەی لێ نەگیرێت. بۆنموونە بەركەوتن بە تیشكی خۆر تەنیا بۆ ماوەی دوو كاتژمێر هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش ئەگەر سادەش بێت. نیشانەكانی كەمبوونەوەی شلەی لەش: هەستكردن بە ماندووبوون و بێهێزی، سەرئێشە، سەرسووڕان، دابەزینی پەستانی خوێن كە هاوكات دەبێت لەگەڵ زیادبوونی لێدانەكانی دڵدا، هەستكردنی بە تینووبوون، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، وشكبوونی دەم و لێوەكان، وشكبوونی چاوەكان، سووربوونەوەی پێست، تاریكبوونی ڕەنگی میز، قەبزی، ئاوسانی پێیەكان، ئازاری ماسوولكە، پەستی و ناڕەحەتی، هەروەها كەمبوونەوەی توانای تەركیز. بڕی پێویستی ڕۆژانەی لەش بە ئاو لە وەرزی هاویندا پەیوەستە بە تەمەن، ڕەگەز، كێشی لەش، لەگەڵ ئاستی چالاكیی فیزیكی، بەڵام بەگشتی چەندێتی پێویستی ڕۆژانە بە ئاو لە لایەن پسپۆڕانی تەندروستی بە پێی تەمەن بەم شێوەیە دیاری كراوە: بۆ تەمەنی 4-8 ساڵ 5-6 پەرداخ كە دەكاتە 1000-1200 میلیلیتر، تەمەن 9-13 ساڵ 7-8 پەرداخ كە دەكاتە 1400-1600 میلیلیتر، تەمەن 14-18 ساڵ 8-11 پەرداخ كە دەكاتە 1600-2200 میلیلیتر، پیاو لە تەمەنی 19 ساڵ و بەسەرەوە 8-13 پەرداخ كە دەكاتە 1600- 2600 میلیلیتر، ئافرەت لە تەمەنی 19 ساڵ و بەسەرەوە 8-10 پەرداخ كە دەكاتە 1600-2000 میلیلیتر، ئافرەتی دووگیان 10-11 پەرداخ یان 2000-2200 میلیلیتر، هەروەها ئافرەت لەكاتی شیردانی سروشتیدا 10-15 پەرداخ واتە 2000-3000 میلیلیتر.

 

Top