سێو بە توێكڵەوە بخۆ!

سێو بە توێكڵەوە بخۆ!

  سێو میوەیەكی دەوڵەمەندە بە ماددەی خۆراكیی گرنگ، بۆنموونە ڕیشاڵی تواوە و ڕیشاڵی نەتواوەی وەكو پێكتین و سێلیولۆز، كە ڕۆڵیان هەیە لە ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێندا، باشتركردنی كرداری هەرسكردنی خۆراك و تەندروستیی ڕیخۆڵە، هەروەها پاراستنی تەندروستیی دڵ. سێو ڤیتامین A و C، پۆتاسیۆم، كالسیۆم، هەروەها ماددە دژەئۆكسانەكانی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols لەخۆدەگرێت، كە بایەخی زۆریان بۆ پاراستنی تەندروستی بەتایبەتی خۆپاراستن لە شێرپەنجە هەیە. وا باشترە كە سێو بە توێكڵەوە بخورێت، چونكە ڕێژە بەرزەكەی ماددە دژەئۆكسان و ڤیتامینەكان كەوتوونەتە ناو توێكڵی سێوەوە. سوودە تەندروستییەكان: خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو تا ڕێژەی 28% لە ڕێگەی پاراستنی گلاندی پەنكریاس و هێواشكردنەوەی هەڵمژینی شەكری گلوكۆز لە كۆئەندامی هەرسدا، كەمكردنەوەی ڕیسكی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، كەمكردنەوەی ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش تا ڕێژەی 30% لە ڕێگەی هێشتنەوەی هەستی تێربوون بۆ ماوەیەكی زۆر ئینجا هاندانی دابەزاندنی كێشی زیادی لەش، دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیڕۆڵ لە خوێندا، دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن، كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان كەمتر دەبێتەوە، باشتركردنی سیستمی میكرۆبیی ڕیخۆڵە یان بەكتریای سوودبەخش، هەروەها خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە چەند جۆرێكی شێرپەنجە و پاراستنی كۆئەندامی دەمار.

Top