ڕۆژانە پێویستمان بە چەند شەكر هەیە؟
زیادخواردنی شەكرە سافكراوەكان Refined sugars واتە وەرگرتنی بڕی زیادی وزە یان كالۆریی بەتاڵ، چونكە شەكر ڤیتامین و كانزا لەخۆناگرێت و هۆكارە بۆ زیادبوونی كێشی لەش،و قەڵەوی لەگەڵ كلۆربوونی ددانەكاندا. لە ڕووی تەندروستییەوە، لەش هیچ پێویستییەكی بە شەكرە زیادكراوەكان نییە، چونكە جگە لەوەی كە تەنیا كالۆریی بەتاڵ لەخۆدەگرن، زیانی جۆراوجۆر بە تەندروستی دەگەیەنن، بێگومان ئەمەش مانای ئەوە نییە كە هەرگیز شەكری زیادكراو نەخورێت، بەڵام پێویستە كە لە بڕی سنوورداركراوی ڕۆژانە زیاتر نەبێت. پێویستیی ڕۆژانە لە شەكرە زیادەكان جا شەكری سەر مێز، یان لە ناو كێك و هەویركاریی شیریندا، بسكویت، شوكولاتە، ماستی چێژكراو، هەنگوین، دۆشاوی میوە، شەربەت و شلەمەنییە شیرینكراوەكان، شلەمەنییە وزەبەخشەكان، كۆلا، قاوە یان چای...تاد، پێویستە كە لە 5%ی كۆی وزەی (كالۆری) ڕۆژانە زیاتر نەبێت، واتە تەنیا 100-120 كالۆری (25-30 گرام شەكر) لە بڕی 2000 - 2500 كالۆری ڕۆژانە كە پێویستە بۆ كەسانی پێگەیشتوو. بە شێوەیەكی دیكە، ڕۆژانە تەنیا نۆ كەوچكی كوپ بۆ پیاو، شەش كەوچكی كوپ بۆ ئافرەت، بۆ منداڵی تەمەن چوار تا شەش ساڵی تەنیا 19 گرام، هەروەها بۆ منداڵی تەمەن حەوت تا دە ساڵی تەنیا 24 گرام.
