ئارەقەی سارد چییە؟

ئارەقەی سارد چییە؟

ئارەقەی سارد Cold sweats بە زۆری نیشانەیە بۆ چەند حاڵەت و نەخۆشییەك، لەوانەیە كە بە بوون و بە بێ بوونی (تا) یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش ڕوو بدات. ئارەقەكردن حاڵەتێكی ئاسایی لەشە لەكاتی گەرمبوونی لەش بە مەبەستی فێنك بوونەوە، بۆنموونە لە كەشی گەرمدا، لەكاتی مەشقی وەرزشیدا، یان هەتا لەكاتی هەڵچوون و تووڕەبوون و ترسدا، كەواتە ئارەقەكردن كاردانەوەی لەشە بۆ چەند ورووژێنەرێكی ناوەوە و دەرەوەی لەش. ئارەقەی سارد كە لەرز و ئارەقەی شەوانە دەگرێتەوە، كەمێك جیاوازیی لەگەڵ ئارەقەكردنی ئاساییدا هەیە، بەوەی كە لەكاتی ئارەقەكردنێكی زۆردا، شێداریی زیاد لەسەر پێستدا دەبێتە ئەگەری هەستكردن بە سەرما. هۆكارەكانی ئارەقەی سارد: مەشقی وەرزشی، سترێس، پەستی، هەڵچوون و تووڕەبوون، یان ترس و تۆقین كە هاندەرن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنەكانی ئەدرینالین و كۆرتیزۆڵ، گۆڕانە هۆرمۆنییەكان، بۆنموونە: لە قۆناغی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەی ئافرەت Menopause كە ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن كەم دەبێتەوە، دابەزینی ئاستی شەكری خوێن كە لەوانەیە لەپاش مەشقی وەرزشی یان لەكاتی زیاد برسیبووندا ڕوو بدات، هەروەها لە تووشبووانی نەخۆشیی شەكرەدا، نەخۆشیی دڵ بەتایبەتی نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ و نۆرەی دڵ، هەوكردنە بەكتریایی و ڤایرۆسییەكانی وەكو: ئەنفلوەنزا، ئایدز، كۆڤید-19، نەخۆشیی سیل، هەوكردنی شانەی سییەكان، هەوكردنی ناوپۆشی دڵ، هەوكردنی ئێسك، هەروەها زیانی لابەلای بەكارهێنانی هەندێك دەرمان.

 

Top