هەفتانە دوو ژەمی گۆشتی سوور ئەگەری نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات
لە لێكۆڵینەوەیەكی كۆلێژی تەندروستیی گشتی لە زانكۆی هارڤاردی شاری بۆستۆن لە وڵاتە یەكگرتووەكاندا هاتووە كە خواردنی تەنیا دوو ژەم گۆشتی سوور لە هەفتەیەكدا، جا لە هەر ژەمێكی سەرەكیدا بێت، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم بەرز دەكاتەوە. لە لێكۆڵینەوەكەدا باسی ئەمەش كراوە كە هەڵبژاردنی پرۆتینی ڕووەكی لەجیاتی گۆشتی سوور، وەك پاقلەمەنییەكان و كاكڵەكان Nuts یان هەتا بڕی مامناوەند لە شیر و بەرهەمەكانی، ئەم ئەگەرەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە تا ڕادەیەكی باش كەم دەكاتەوە. لە لایەكی دیكەوە پسپۆڕانی خۆراك بەردەوام جەخت دەكەنەوە كە وا باشترە خواردنی گۆشتی سووری فرێش یان پرۆسێسكراو Processed meat وەكو (باكۆن و هۆت دۆگ) لە خۆراكی ڕۆژانەدا سنووردار بكرێت. ئاماژە بەمەش كراوە، كە زیاد خواردنی گۆشتی سوور بە هەموو جۆر و شێوەكانیەوە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم تا ڕێژەی 62% بەرز دەكاتەو بەراورد بەو كەسانەی كە بڕی كەمتری گۆشتی سوور دەخۆن، هەروەها خواردنی پاقلەمەنی و كاكڵەكان كە سەرچاوەی ڕووەكین بۆ پرۆتین وەكو جێگرەوەی گۆشتی سوور، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە تا 30% كەم دەكاتەوە، پاشان هەڵبژاردنی شیر و بەرهەمەكانی شیر لەجیاتی گۆشتی سوور ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە تا ڕێژەی 22% كەم دەكاتەوە.
