قڵیشانی پاشنەی پێ.. هۆكار و چارەسەر
قڵیشانی پاشنەی پێ Cracked heels حاڵەتێكی باوە و بریتییە لە قڵیشانی پێستی بەشی خوارەوەی پاشنەی پێ لە ئەنجامی وشكبوون، زبربوون، لەگەڵ ئەستووربوونی پێست لەم شوێنەدا. ئەگەرچی لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، قڵیشانەكان سادەن، بەڵام هۆكارن بۆ ئازار و ناڕەحەتی لە كاتی پیادەڕۆییدا، كە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێن، ئەوا لەوانەیە كە قڵیشانەكان قووڵتر ببن و ئاڵۆزیی دیكەیش بێنە پێشەوە، بە تێپەڕبوونی كات، قڵیشانەكان گەورەتر دەبن و لەوانەیە كە تووشی خوێنبەربوون یان هەوكردن بن، بەتایبەتی لە تووشبووانی نەخۆشیی شەكرەدا كە لەوانەیە كار بگاتە كولبوونی Ulceration پێیەكان. هۆكارەكان: وەستان لەسەر قاچەكان بۆ ماوەیەكی زۆر، بەتایبەتی لەسەر زەمینەیەكی ڕەقدا، كەفشی نادروست كە بەشی پاشنە واڵا بێت وەكو سەندەڵ، پیادەڕۆیی بە پێی پەتی، قەڵەوی، مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لە ژووری گەرماودا بۆ خۆشووشتن، یان وەرگرتنی دوشی گەرم، هەروەها نەخۆشیی درێژخایەن، بەتایبەتی نەخۆشیی شەكرە. نیشانەكان: ئازار و ناڕەحەتی، بەتایبەتی لە كاتی وەستان و پیادەڕۆییدا، خورشت، خوینبەربوون لە هێڵەكانی قڵیشاندا، تفركردنی پێست، هەورەها گەرمبوون و سووربوونەوە و ئاوسانی پاشنەی پێ لە كاتی ڕوودانی هەوكردندا. چارەسەر: داماڵین و لووسكردنی میكانیكی بە ئامێری تایبەت بۆ ڕێگرتن لە زیاتر ئەستووربوونی پێست، بەكارهێنانی كرێمی تایبەتی شێداركەرەوە Foot balm، هەڵبژاردنی كەفشی دروست، هەروەها بەستانەوە، یان بەكارهێنانی باندیجی تایبەت بۆ ڕێگرتن لە جووڵەی تەنیشتەكانی هێڵی قڵیشان.
