ئایا بەكارهێنانی میلاتۆنین بۆ خەو زیانی هەیە؟
دەنكی میلاتۆنین بە مەبەستی هاندانی خەو بۆ چەند حاڵەتێكی دیاریكراو بە ڕێنمایی دكتۆر بەكاردێت. بە ڕای پسپۆڕانی تەندروستی، بەكارهێنانی میلاتۆنین هەموو شەوێك زیانێكی تەندروستیی ئەوتۆی نابێت، بە مەرجێك بۆ ماوەیەكی كورت بێت نەك بە بەردەوامی. میلاتۆنین Melatonin كە بە هۆرمۆنی خەو ناسراوە، لە مێشكدا لەگەڵ تاریكبوون بە ڕێژەیەكی كەم دەردەدرێت بۆ هاندانی خەو. لەش بە تێكڕایی ڕۆژانە 0.1 -0.1 ملگم میلاتۆنین دروست دەكات، كەچی دەنكی میلاتۆنینی دەستكرد ڕێژەیەكی بەرزتر لەخۆدەگرێت. واباشترە كە بەكارهێنانی میلاتۆنین سنووردار بكرێت بۆ ئەم حاڵەتانەی خوارەوە: خەوزڕانی پەیوەست بە بەساڵاچوون، گرفتی درەنگ لە خەوهەڵسان DSP، خەوزڕان وسەرئێشەی پەیوەست بە سەفەری دوور Jet lag، نەخۆشیی ئەلزەهایمەر، پاش زەبر بۆ ناوچەی سەر، خەوزڕانی پەیوەست بە كاركردن بە شیفت، لەگەڵ هەندێك گرفتی خەو لە منداڵدا. زیانە لابەلاكانی دەنكی میلاتۆنین: سەرئێشە، سەرسووڕان، هێڵنج، لەگەڵ هەستكردن بە بۆرژان لەكاتی ڕۆژدا. نابێت لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا دەنكی میلاتۆنین بەكاربهێنرێت: لەكاتی دووگیانی و شیردانی سرووشتی، خەمۆكی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، حاڵەتەكانی پەركەم و گرفت لە مەیینی خوێندا، نەخۆشیی شەكرە، هەروەها ئەو كەسانەی كە ئەندامێكیان بۆ گواستراوەتەوە.
