نیشانە سەرەتاییەكانی شیزۆفرینیا
شیزۆفرینیا یان سكایزۆفرینیا Schizophrenia نەخۆشییەكی دەروونیی سەختە و بریتییە لە دابڕانی تەواو لە (واقیع) Reality. گۆڕانی نائاسی لە ژیاندا لەگەڵ تەواوكردنی قۆناغی نەوجەوانی و چوونە ناو تەمەنی پێگەیشتن، لەوانەیە كە سەرەتا بێت بۆ سەرهەڵدانی نیشانە زووەكانی شیزۆفرینیا. بەگشتی، سرووشتی تەندروستیی دەروونی هەر كەسێك لە تەمەنی بیستەكاندا دەردەكەوێت. نیشانە زووەكانی شیزۆفرینیا لە كوڕدا لە تەمەنێكی زووتر لە كچی تووشبوو دەردەكەون. نیشانەكان سەرەتا بە هێمنی و سووكی دەست پێدەكەن، پاشان بەرە بەرە لە ماوەی چەند مانگێك تا چەند ساڵێك توندتر دەبن. نیشانە سەرەتا و وریاكەرەوەكانی شیزۆفرینیا بریتین لە: گۆڕان لە شێوەی بیركردنەوەدا، گۆڕانی ڕەفتار و پەیوەندی لەگەڵ كەسانی دیكەدا، كاردانەوەی توند بەرانبەر ڕەخنەگرتن، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، زوو تووڕەبوون، ترس و گومان لە دەوروبەر، خەمۆكی، فەرامۆشكردنی پاكوخاوێنیی كەسی، كزبوون و پچڕانی كتوپڕی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ خێزان و كەسانی دیكەدا هاوكات لەگەڵ دووركەوتنەوە لە گفتوگۆ و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان، خۆجیاكردنەوە و سەرقاڵبوون بە جیهانێكی تایبەت، كەمبوونەوەی تەركیز و كارامەیی لە كارەكاندا، نەمانی پاڵنەر بۆ هیچ شتێك، فەرامۆشكردنی بەرپرساریەتی بەرانبەر بە ماڵ و خوێندن و پیشە، بیركردنەوەكان زیاتر لە واقیع دووردەكەونەوە، لەگەڵ هێنانەوەی بیانوی نالۆجیك لەكاتی پابەند نەبوون بە كارەكان.
