فیستیڤاڵی (هەولێرە ماست)ی كوردەواری

فیستیڤاڵی (هەولێرە ماست)ی كوردەواری

بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، فیستیڤاڵی هەولێرە بۆ بەرووبوومی خۆماڵی بە ناوی فیستیڤاڵی ماست بەڕێوە چوو، فیستیڤاڵەكە تایبەت بوو بە ماست و پەنیر و ژاژی و شیر و هەنگوین و بەرهەمە كوردەوارییەكانی دیكە، ئەو فیستیڤاڵە بە شێوە و دیزانێكی كوردی و پڕ لە ڕەنگ و ڕەسەنایەتی، بە هەڵدانی ڕەشماڵ و كەرەستەی فۆلكلۆری لە بەردەم پاركی شانەدەر لە هەولێر ئەنجام درا، فیستیڤاڵێكی قەشەنگ و رەنگین بوو لەسەر ئاستی كوردستان و هەولێر، كە یەكەمجارە بۆ ئەو بەرهەمانە بەڕێوە بچێت، ماوەی فیستیڤاڵەكە سێ رۆژ بوو، رێكخەری فیستیڤاڵەكە (هۆشیار نووری لەك) دەربارەی فیستیڤاڵەكە گوتی: «بیرۆكەی فیستیڤاڵەكە ئاوەڕدانەوەیەكە بۆ كولتووری كوردەواری كە پێكهاتووە لە خواردن، جلوبەرگ و كەلوپەلە كوردەوارییەكان، بۆ ئەوانەی بەشدارن ئەزموونیان لەو بوارەدا هەیە، بۆ نموونە ئاشی بەلاشاوە، زۆربەی دانەوێلەی جۆراوجۆری تێدایە، هەروەها ئەو هەنگوینانەی لە دەڤەرە جیاجیاكانی كوردستان هەیە لەو فیستیڤاڵەدا بەدی دەكرێت، چەرەزات و گۆزەی كوردەواری و كاری دەستیی رەمزییە خان بەشدار بوون، بەشەكان جیاوازن و بۆ تەواوكردنی یەكتر رەشماڵیش هەڵدرا كە (ڕشدەوار)یشی پێ دەڵێن، هەروەها گۆرانیی كوردی و خواردنی سێ ژەمەی كوردەواری بەشێكی دیكەی ئەو فیستیڤاڵە بوون، ئەگەرچی فیستیڤاڵەكە بۆ ماوەی سێ رۆژە، بەڵام لە داهاتوودا بۆ زیندووكردنەوەی مۆركی كوردەواری و گرینگیدان بە كولتووری كوردی، ئەو جۆرە كارانە بەرچاوتر و دیارتر دەبن.

Top