فازڵ میرانی پیرۆزبایی له‌ ساڵیادی گوڤاری گوڵان ده‌كات

فازڵ میرانی پیرۆزبایی له‌ ساڵیادی گوڤاری گوڵان ده‌كات


"گوڵان" سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ به‌رچاو روونی به‌خشین و ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌جیهانی سیاسه‌ت
به‌رێز فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی گۆڤاری گوڵانه‌وه‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رنووسه‌ر و ته‌واوی ستاڤه‌كه‌ی ده‌كات و ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایه‌كه‌یه‌تی :
******


هه‌ڤاڵی خۆشه‌ویست سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری گوڵان
هه‌ڤاڵانی خۆشه‌ویست له‌ ده‌زگای گوڵان
به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانم له‌ ساڵیادی ده‌رچوونی گۆڤاری گوڵان پیرۆزباییەكی گەرم لە ستافی بەڕێز و تێكڕای ئەو رۆژنامەنووسە بوێر و دڵسۆز و وەفادارانە بكەین، كە لەم گۆڤارەدا و لە ئۆرگان و كەناڵەكانی دیكەی خەباتکار، ئەركی داكۆكی كردن لە ماف و دەسکەوتە نەتەوەییەکانی كورد و وەدەست هێنانی سەروەری و سەربەخۆیی بۆ كوردستانیان كردووەتە رێباز کاری پێشەگەرانە و لە پێناویدا تێدەکۆشن .
مایەی خۆشحاڵی و پێزانینە، كە ناوەندێکی رۆژنامەوانیی وەك (گوڵان) بتوانێت بە درێژایی ئەو 28ساڵە، ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ و هەستیار بۆ بەرچاو روونی بەخشین بە خوێنەرانی، هەروەها دەروازەیەك بێت بۆ ئاشنا كردنی زیاتری خوێنەری کورد بە گشتی و دەستەبژێر بە تایبەتی، بە جیهانی سیاسەت
مایەی خۆشحاڵییە سالوەگەڕی دەرچوونی (گوڵان)، هاوكاتە لەگەڵ 124ەمین ساڵیادی رۆژنامەنووسیی كوردی، ئەو كاروانە پڕ لە سەروەرییەی بوو بە بەشێك لە تێكۆشانی گەلی كورد بۆ سەلماندنی كەسایەتی و كولتوور و زمانی نەتەوەیەكی دێرین، كە بە دێژایی مێژوو، هەم زلهێزانی جیهان ماف و بوون وشارستانیەتیان لێ زەوت کردووە، هەم گەل و دەوڵەت نەتەوەی دەوروبەری، هەوڵی نكووڵی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگ و زمان و جوگرافیان داوە .
ئێمە كە لە یەك كاتدا بە ساڵیادی دوو بۆنەی مەزنی نەتەوەكەماندا تێدەپەڕین، بە باوەڕ و متمانەیەكی زیاترەوە دەڕوانینە ئاییندەی گەل و وڵاتەكەمان، پێشمان وایە یەكدەنگی و تەبایی نێو ماڵی كورد، ڕاسته‌ڕێی گەیشتنی نەتەوەكەمانە بە تەواوی مافەكانی وەك هەر نەتەوەیەكی دیكەی ئەم جیهانە.
سڵاو لە هەموو رۆژنامەنووسانی كوردستان بە گشتی و، سەرنووسەر و تەواوی كارمەندانی گۆڤاری گوڵان به ‌تایبه‌تی، كە سەرمەشقی داكۆكی كردنن لە بەمێژوو کردنی راستی و دادپەروەری و ئازادیی نەتەوەیەک کە ویژدانی مرۆڤایەتی بەرانبەر مافەکانی کەمتەرخەم بووە.
دوباره‌ سڵاوورێزمان بۆهه‌موولایه‌ك هه‌رشاد وسه‌ركه‌وتووبن.


براتان فازڵ میرانی
22/4/2022


Top