لەكاتی مامەڵەی هاووڵاتییان لە فەرمانگە حكومییەكان كارتی ڤاكسین دەبێتە مەرج
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند لە داهاتوودا کارتی ڤاکسین بۆ سەردانیكردن و مامەڵە لە دامودەزگاکانی حکومەت دەکرێت بە مەرج
دكتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە پرێس كۆنڤرانسێكدا رایگەیاند: لەمەودوا كارتی ڤاكسین نەك هەر بۆ گەشتكردن، بەڵكو هەموو هاووڵاتییان دەبێت هەر دوو ژەمی ڤاكسین وەربگرن و ببنە خاوەن كارتی ڤاكسین، چونكە لەدوای ئەوەی ئەو مۆڵەتەی بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی مامۆستایان و فەرمانبەران دیارکراو تەواوبێت ئەوە هەر کەسێك سەردانی دامودەزگاکانی حکومەت بکات دەبێت کارتی ڤاکسینیان پێ بێت یان پشکنینی نوێی کۆرۆنا.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە كە بەگوێرەی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی لە دوای وەرگرتنی هەردوو ژەمی ڤاکسین ئەوە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لەو بنكانەی كە هەردوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە داوای وەرگرتنی کارتی ڤاکسین بکەن.
