وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفاڵكراون: لەیاسای چاكسازی هاتنەدی دادپەروەری ئامانجی سەرەکییە
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە کە ئامانجی سەرەکی یاسای چاکسازی هاتنەدی دادپەروەرییە.
بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە 2/11/2021 لەسەر داوای لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی پەرلەمانی کوردستان لێژنەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەیاوەری بریکاری وەزارەت و راوێژکاران و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دوا هەنگاوەکانی چاکسازی لە بواری دۆسیەکانی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و هەروەها خزمەتگوزارییەکانی خوێندن و تەندروستی و زەوی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد
هەروەها لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە كە ئەو کۆبوونەوەیە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندوەو لێژنەکەی وەزارەت وەڵامی هەموو ئەو پرسیار و سەرنجانەی لێژنەکەی پەرلەمانی دایتەوە كە ئاراستەیانكراوە و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان تەئكیدی لەوە كردۆتەوە كە بەردەوام دەبن لە باشتركردنی هەنگاوەکان و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بە ئاماجی هێنانەدی دادپەروەری کە ئامانجی سەرەکی یاسای چاکسازییە لەلایان كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
