ژمارەی مێرووەكان زۆر بەخێرایی كەم دەبێتەوە

ژمارەی مێرووەكان زۆر بەخێرایی كەم دەبێتەوە

مێروو نەمێنێت خۆراك نامێنێت، خۆراك نەمێنێت مرۆڤ نامێنێت، چۆن و بۆچی ئەمە ڕوودەدات؟. پێشەكی لەچەند لێكۆڵینەوەیەكدا كە لە ئەمریكا و ئەوروپا لەسەر نزیكەی 40% ی جۆری مێرووەكان ئەنجام دراوە، دەردەكەوێت كە هەموو ئەوجۆرانە ژمارەكانیان لە كەمبوونەوەیەكی خێرادایە، نمونەی ئەو جۆرە مێرووانەی كە ژمارەیان زۆر بەخێرایی كەم دەبێتەوە، بریتین لە: پەپولەكان، هەنگە كێوییەكان، جاڵجاڵۆكەكان، قالۆنجەكان و هەندێك جۆر لە مێروولەكان، ئەگەر ژمارەی مێرووەكان لە سرووشتدا كەم ببێتەوە، ئەوا تۆڕی خۆراك لەنێو سیستمی ژینگەییدا توشی شێواندن دەبێت، دوریش نییە توشی داڕمانێكی گەورە ببێت، زۆربەی جۆری باڵندەكان لە سرووشتدا پشت بە خواردنی مێرووەكان دەبەستن، دەركەوتووە هۆكاری سەرەكیی كەمبوونەوەی ژمارەی هەندێك جۆر لە باڵندەكان، بەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی مێرووەكانەوە بووە، كاری پیتاندن لە زۆربەی درەختەكان و ڕووەكەكاندا كە سەرچاوەیەكی سەرەكیی خۆراكن، بەشێوەیەكی سەرەكی لە ڕێگەی هەندێك لە مێرووە باڵدارەكانەوە روو دەدات، وەك: هەنگەكان و پەپولەكان، كەواتە كەمبوونەوەیان بەگشتی دەبێتە هۆی كەمبوونەوە و خراپ بوونی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، گەلێك لە مێرووەكان گەرا لەناو ئاودا دادەنێن، ئەو گەرایانە زۆربەیان دەبنە خۆراكی سەرەكیی ماسی و گیاندارە ئاوییەكان، بە كەمبوونەوە و نەمانی ئەو مێرووانە و گەراكانیان، ئەوا ژمارەی ئەو ماسی و گیاندارە ئاوییانەش كەم دەبێتەوە، هەندێك لە مێرووەكان وەك: جاڵجاڵۆكە و پەپولە و هەنگە كێوییەكان لە هەندێك لە ناوچەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا بەراورد بە ژمارەكانیان بەر لە 50 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا10 بۆ 60 بەرابەر كەمتر بوونەتەوە.

 

Top