دۆزینەوەی گەنجینەیەک لە شاری ئاوگسبۆرگی ئەڵمانیا هەزاران دراوی ڕۆمانیی تێدایە  

دۆزینەوەی گەنجینەیەک لە شاری ئاوگسبۆرگی ئەڵمانیا هەزاران دراوی ڕۆمانیی تێدایە  

 

 

گەنجینەیەکی دراوی ڕۆمانی لە شاری ئاوگسبۆرگ لە باشووری ئەڵمانیا دۆزرایەوە،  ئەم گەنجینە زیاتر لە پێنج هەزار و پێنج سەد سکەی زیوی تێدایە کە کێشی نزیکەی 15 کیلۆگرامە،  ئەم کۆکراوە گرنگترین گەنجینەی ڕۆمانییە کە تا ئێستا لە ویلایەتی بایرنی ئەڵمانیادا دۆزراوەتەوە،  گرنگیی ئەم گەنجینەیە لە یارمەتیدان بۆ بنیاتنانەوەی مێژووی ئەم هەرێمەدایە لەو کاتەدا.

دەوترێت شاری ئاوگسبورگ دووەم شارە لە کۆنترین شاری ئەڵمانیا، لە سەردەمی ڕۆمای کۆن و لە دوو سەدەی یەکەمدا بنکەیەکی سەربازیی گرنگ بووە،  كە لەلایەن کوڕی ئیمپراتۆر ئاگۆست دامەزراوە.

دراوەکان کۆمەڵێک دیناری سەدەی یەکەم و دووەمی زایینی پێک دەهێنن،  کۆنترین دراوی سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی نیرۆنە و تەمەنی نزیکەی دوو هەزار ساڵە.  ئەو خەزێنەیە بەهای نزیکەی یازدە جار زیاتر لە داهاتی ساڵانەی سەربازێکی لەو سەردەمە بووە، بۆیە شوێنەوارناسان پێیان وایە دراوەکان هی کۆمەڵێک بازرگان یان سەرکردەی سەربازی بووە، ئێستا دراوەکان گواستراونەتەوە بۆ سەنتەری شوێنەواریی زانکۆی توبینگن بۆ ئیش لەسەركردنی زیاتر،  توێژەران هیوادارن ئەو دراوانە بەشێوەیەك بەکاربهێنن كە بتوانن وەڵامدانەوەی پرسیاری گرنگیان دەست كەوێت سەبارەت بە بوونی ڕۆمانییەكان لە ئەڵمانیا لەو سەردەمەدا.

پێشتریش شوێنەوارناسان بە هەڵكۆڵینی ئەم شوێنە دێرینەی لە ناوەندی شاری ئاوگسبۆرگ کۆمەڵێک چەک و کەرەستەی جۆراوجۆر و خشڵ و کەلوپەلی خێزانی سەر بەو سەردەمەیان دۆزیوەتەوە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top