نرخی نەوت رووی لەبەرزبوونەوە كردووە
بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست و پێداویستی زۆری بازاڕەكان بەنەوتی خاو نرخی نەوت رووی لەبەرزبوونەوە كرد، بەتایبەتی دوای گەیشتنی باهۆزی ئایدا لەئەمەریكا كە بووە هۆی داخستنی بیرە نەوتییەكانی ئەو وڵاتە لەكەنداوی مەكسیك، ئەمە و دابەزینی بەهای دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە کاریگەری كردە سەر بەرزبوونەوەی بەهای کاڵاکان لە نێوانیشیاندا نەوت و زێڕ.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە رێژەی 2٪ لە رۆژی هەینی هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە، دوای گوتاری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی جیهاندا هەر بەرمیل نەوتی برێنت بە رێژەی 2.3٪ بەرزبووەوە و بە 72 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 2٪ بەرزبووەوە بەرمیلێک بە 68 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەوە بەرزترین ئاستی نرخەکانی نەوتە کە لە مانگی هەشتەوە بازاڕی نەوت بەخۆیەوە دەیبینێت. نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 11٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 10٪ لەم هەفتەیەدا بەرزبوونەتەوە.
لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەكەمكردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریكی دەستبەجێ بەهای دۆلاری لە بازاڕەکانی جیهان دابەزاند، دابەزینی بەهای دۆلار بەشێوازی نەریتی کاریگەری دەکاتە سەر بەرزبوونەوەی بەهای کاڵاکان لە نێوانیشیاندا نەوت و زێڕ.
