تەقینەوەكەی (عەكار)ی لوبنان 20 كوژراو و 80 برینداری لێ كەوتەوە
تەقینەوەی تانكەرێكی سووتەمەنی لە باكوری لوبنان بەلایەنی كەم 20 قوربانی لێ كەوتەوە.
خاچی سووری لوبنانی هەواڵی تەقینەوەكەی ناوچەی عەكاری پشتڕاست كردەوە كە لە ئەنجامدا 20 كوژراوو 80 برینداری لێكەوتەوەو سەرجەمیان بۆ نەخۆشخانەكانی نزیك رووداوەكە گواستراونەتەوە.
خاچی سوری لوبنانیش داوای لە هاووڵاتیانی ئەم ناوچەیە كرد بە پەلە بگەنە نەخۆشخانەكان و خوێن ببەخشن. ئەو وێنانەی كە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە ئاگرێكی گەورە نیشان دەدەن كە لە كاتژمێرە سەرەتاییەكانی سەر لەبەیانیی رۆژی یەكشەممەیە گیراون و تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکەش ڕانەگەیەندراوە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە كە لوبنان لەم دوو هەفتانەی دواییدا تووشی قەیرانی کەمیی سووتەمەنی بووە، لەم ڕووەوە سوپای لوبنان دوێنێ شەممە ڕایگەیاند" کە بە هەزاران لیتر بەنزین لەلایەن خاوەن وێستگەکانی سووتەمەنییەوە هەڵگیراون و قۆرخكراون، سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان تەقینەوەکەی عەكاری بە تەقینەوەکەی ساڵی ڕابردووی بەندەری بەیروت بەراورد کردووە و لە تویتەری خۆی نووسیویەتی: '' تەقینەوەکەی عەکار هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت چونكە قوربانیی زۆری لێ كەوتۆتەوە و داواشی لە گەورە بەرپرسان کرد، بە سەرۆکی لوبنانیشەوە كە دەست لەکار بکێشنەوە .
