ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتیانی دەكات بە زووترین كات ئەفغانستان جێ بهێڵن
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا داوایەکی بەپەلە لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی دەکات تا لە نزیکترین دەرفەتدا ئەفغانستان جێبهێڵن بەپێی ئەو گەشتانەی بەرنامەیان بۆ دانراوە .
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە چەکدارانی تاڵیبان ڕۆژی پێنجشەممە دەستیان بەسەر شاری ستراتیژی غەزنیدا گرت کە 150 کم (90 میل) لە کابولی پایتەختەوە دوورە. دەست بەسەرداگرتنی ئەو شارە دوای چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت دێت، لە کاتێکدا کە گروپی ئیسلامی فەرمانڕەوایەتییەکی هاوبەشیان لەگەڵ حکومەت لەشارەکەدا هەبووە.
لەم ماوەیەی دواییدا تالیبان زۆر بەخێرایی پێشڕەوییان كردووە، هەروەها ناڕەزایی زۆرێک لە ئەفغانییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا لەسەر بڕیاری جۆبایدنی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزی وڵاتەكەی، هەروەها جێهێشتنی حکومەت تا بە تەنیا ئەو شەڕانە بکات.
شایانی باسە ئەڵمانیا دووەم گەورەترین هێزی سەربازی لە ئەفغانستان هەبوو لە دوای ئەمەریکا، لە شەڕەکانی کوندزدا بەبەراورد بە هەر شوێنێکی تر لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە زۆرترین ژمارەی سەربازانی لە دەستداوە.
