مەترسیی هەیە ئێران لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی بدات
رڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند كە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی نیگەرانن لە زیاتر بەرەوپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەمەش بە هۆی ئەوەی هیچ ئاسۆیەک بۆ بەئەنجام گەیشتنی دانووستانەکانی ڤییەنا بۆ بەگەڕخستنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەدی ناکرێت.
بە گوتەی ڕۆژنامەکە مەترسی ئەوە لە ئارادایە كە ئەگەر ڕێککەوتنی ئەتۆمیش بەگەڕبخرێتەوە، ئێران ئەو توانایەی هەیە كە لە ماوەی ساڵێکدا بگاتە خاڵی بێ گەڕانەوەی هەنگاونان بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە كە لە ماوەی سێ ساڵیشدا بتوانێت کڵاوەی ئەتۆمی لەسەر موشەکە دوورهاوێژەکانی جێگیر بکات.
جێی وەبیرهێنانەوەیە كە تا ئێستا شەش خولی دانووستان بۆ بەگەڕخستنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچووە و ئامانجی هەموو ئەو دانووستانانەش ئەوە بووە كە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ئێرانیش پێوەی پابەند بێت.
