ئەمریکا بڕیاری دا دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ چین بکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کەوا دەرگای گفتوگۆ لەگەل وڵاتی چین دەکاتەوەو هەوڵ دەدات گفتوگۆکان لەبەرزترین ئاست دا بێت، پاش ئەوەی ماوەیەکی زۆرە گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەیندییەکانییان دا هەیە.
لە هەمانکاتدا وابڕیارە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی هەریەکە لە یابان و کۆریای باشوورو مەنگۆلیا بکات، ئەگەرچی ئاماژە بەسەردانی بۆ وڵاتی چین نەکراوەو لەوانەیشە سەردانی بۆ چین زیاد بکرێ.
لەم دواییانەدا چین زۆر نیگەران بوو بەرامبەر بڕیارەکانی کۆنگریسی ئەمریکی سەبارەت بە سەپاندنی جۆرێک لە گەمارۆ لە هاوردەکردنی زۆرێک لە کەلوپەلی چینی کە لەشیانگیانگ دروست دەکرێن لەبەرامبەر ئەوەی چین زۆر توندوتیژە بەرامبەر بە خەڵکی ئیگۆری موسڵمان، بەوەی رێگری لە کۆمپانیاکانی ئەمریکای کرد کەوا ئەو جۆرە کەلوپەلانە لە چین هاوردە نەکەن. ، تاوەکو چین هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی ئیگۆر نەگۆڕێ.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا کۆمپانیاکانی ئاگادار کردەوە لەوانەیە پەکین رێگری لەچالاکی بازرگانییان بکات لەبەرامبەر نیگەرانییەکانی، لەمەوە ئەمریکا دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین ئاسایی بکاتەوە تاوەکو ئەو بارگرژییەی نێوانیان کەمبکاتەوە.
لەوانەیە ویندی شیرمان-ی جێگری وەزیری دەرەوە ئەمریکا ببێتە یەکەم کەس کە سەردانی چین بکات بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان ئەو دوو زلهێزە گەورەیەدا.
هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەوەوە هات پێشتر ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەو راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جیک سولیفان لە لووتکەی ئالاسکا لەگەڵ بەرپرسانی چینی هەریەکە لە (یانگ جیشی و وانگ یی)یان بینیووە، ئەگەرچی پەیوەندی وڵاتەکانییان لەبارگرژیدا بوو.
پاش ئەوەی جۆزیف بایدن بووە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەویش بەهەمان شێوەی سەرۆکی پێشتر دۆنالد ترامپ سەبارەت بە مامەڵەی لەگەڵ چین زۆر تووند بوو، بەڵام بەڵێنی ئەوەشی دابوو کە لەگەل دۆستەکانی ئەمریکا پەیوەندی ئاسایی باشی دەبێ و هەولیش دەدا پەیوەندی لەگەڵ چین تا ئاستێک هێور بکاتەوە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە هەیە.
