نەتەوە یەكگرتووەكان: خەریكە كارەساتێكی مرۆیی ڕوو لە ئەفغانستان دەكات

نەتەوە یەكگرتووەكان: خەریكە كارەساتێكی مرۆیی ڕوو لە ئەفغانستان دەكات

 

رێكخەری هاوكارییە مرۆییەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ ئەفغانستان لەلێدوانێكدا ڕایگەیاندووە كە 18 ملیۆن كەس كە دەكاتە نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستان پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی  هەیە  بە هۆكاری شەڕ و زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكانی ناوخۆ و وشكەساڵی.

رامز ئەلئەكبەرۆڤ رێكخەری هاوكارییە مرۆییەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ ئەفغانستان ئاماژەی بەوەش كرد كە بە هیچ شێوەیەك ئاستی پێداویستییەكانی ئەو وڵاتە بە هاریكاریی مرۆیی بە رادەی ئێستا بەرز نەبووە، بەڵام تواناكانی بەردەست بەشی چارەسەری ئەو پێداویستیانە ناكەن.

ئەلئەكبەرۆڤ هۆشداریشی داوە لە دەرەنجامەكانی پەرەسەندنی توندوتیژییەكان لەو وڵاتە كە بەرەو كارەساتێكی مرۆیی دەچێت، دووپاتیشی كردەوە كە  پتر لە 10 ملیۆن كەس لە ئەفغانستان مەترسیی برسێتیان لەسەرە ، بە تایبەتیش نیوەی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ ڕووبەڕووی  بەدخۆراكی و برسێتی بوونەتەوە.

شایانی باسە دوای دەستپێكردنی پرۆسەی كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە ئەفغانستان، توندوتیژی و شەڕ پەرەی سەندووە و كە بووەتە هۆی ئەوەی كە بە هەزاران كەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.

Top